٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن و چارەسەری گرفتی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ھەرێم و دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ چارەکردنی گرفتەکان، بڕیارە شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیار دراوە چەند لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق دروست بکرێن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوولا ھەن بە ھاوبەشی چارەسەریان بکەن، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی.

مەجید گوتیشی: "بڕیارە ھەر گرفتێک ھەبێت لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوو لا، لیژنە ھاوبەشەکان کە ئێستا سەرقاڵی دروستکردنین، چارەسەری بکات و ھیچ گرفتێک لە نێوان ھەردوولا نەمێنێت، بۆیە ئێمە سەردانی بەغدامان کرد و بڕیارە لە زووترین کاتیشدا شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بتوانین بە زوویی ئەو کێشانەی ھەن، چارەسەریان بکەین".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "پێشتر بازرگانانی ئێمە کە کەلوپەلیان دەبرد بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە مۆڵەتیان لای ئێمە ھەبوو، ئەگەر مۆڵەتی بەغدایان نەبووایە، رێگرییان لێ دەکردن، بەڵام ئێستا ئەوەی مۆڵەتی حکوومەتی ھەرێمی ھەبێت، رێگری لێ ناکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر کرا، بۆیە ھەر گرفێتک ھەبێت، ئەو لیژنانە چارەسەری دەکەن".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار