٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەیلانی: پێش ڕاپەرین سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ھەموو خەڵکی کوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

ڕانـیـە-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێ دەپەڕێ کە لە ٥-٣-١٩٩١ سەری ھەڵدا و دواتر ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی ڕایگەیاند، نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، بە تایبەت وردبینی و گەورەیی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین.

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، پەیوەست بە یادی ٣٠ ساڵەی ڕاپەرین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاپەڕین وەچەرخانێکی گرینگ و مێژوویی بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە کوردی گواستەوە بۆ قۆناغێکی تر. ڕاپەرین بەرەنجامی زوڵم و زۆریی دەیان ساڵەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی عێراق بوو، ھەروەھا لێکەوتە و زادەی خەبات و تێکۆشانی ھەموو شۆڕشەکانی کوردستان بوو."

ناوبراو ڕایشیگەیاند: "‌سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو و قیادەی ڕاپەڕینی کردووە، بە تایبەت نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، کە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا دەبینییەوە."

گەیلانی باسیش لەوە دەکات، پێشتر سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکورک پێشبینی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کردبوو لە عێراقدا، ھەر لە دوای داگیرکاریی کوێت لەلایەن ڕژێمی بەعس و شکستھێنانی سوپای بەعس دوای داگیرکارییەکە، جەنابی سەرۆک دڵنیا بوو لەوەی کە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت و ڕاپەرینێکی جەماوەری لە عێراقدا ڕوو دەدات، بۆیە پەیامێکی ئاراستەی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد و داوای کۆبوونەوەی ھاوبەشی کرد بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو پێی وایە، یەکگرتوویی لایەنەکان خاڵی بەھێزی کورد بوو، بەڵام ئەوەش ناشارێتـەوە، کە وردبینی و گەورەییی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین، چونکە ئەوکاتی پەیامێکی ئاراستەی ھێزی عێراقی کرد کە شەڕی خەڵکی نەکەن، ھەروەھا پەیامی ئاراستەی ھەموو خەڵکی کوردستان کرد کە بە یەکگرتوویی، خۆیان بۆ ڕاپەرین ئامادە بکەن، ھاوکات دوای ڕاپەرینیش لێبوردنی گشتیی دەرکرت بۆ چەکدارەکانی ڕژێمی بەعس."

بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دەشڵێت: "دەڤەری ڕاپەڕین ھەمیشە لانکەی شۆڕش و سەرھەڵدانی خەبات بووە، بەڵام لە ئاست مێژوو و خەباتی دەڤەرەکە وەک پێویست لە ھەموو بوار و سێکتەرەکاندا خزمەت نەکراوە، بۆیە ڕووی دەممان لە سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمە کە خزمەتی زیاتری دەڤەرەکە بکەن."

ھیوا گەیلانی، ڕوونیشی دەکاتەوە: "لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا کاری زۆر باش کراوە، بەڵام بێگومان کەموکووڕیش ھەبووە، بۆیە لێرەوە دەمانەوێ ئاماژەی پێ بکەین، دەڤەڕی ڕاپەرین دانیشتووانەکەی نزیکی نیو ملیۆن کەسە، بە بەراورد لەگەڵ مێژوو و قوربانیدانی دەڤەرەکە خزمەتێکی زۆری نەکراوە، بۆیە پەیامێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دانیشتنێکی تایبەت بۆ کێشە و گیروگرفتەکانی دەڤەرەکە بکرێت، چونکە پێویستی بە ئاوردانەوەی زیاتر ھەیە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە مانگی ٩ی پارساڵدا سەرۆکی حکوومەت سەردانی ڕانیەی کرد و کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ستراتیژییان ڕاگەیاند و بەردی بناغەیان بۆ دانا کە ئەمە بەرز دەنرخێنین و ھاوکات سەرەتایەکی زۆر باشە، بۆیە ھیوادارین بەردەوام بن.''

گەیلانی کە بەشداربوویەکی ڕاپەرینە جەماوەرییەکەی ڕانیەیە، باس لەوە دەکات کە "ئێوارەی ٦ی ٣ وەک مەفرەزەیەکی پارتی داخیلی ناو ڕانیە بووین، پێشوازیی خەڵک لە پێشمەرگە بەو حەماسەتەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، دوای ئەوەی سەرۆک بارزانیش داخیلی ناو ڕانیە بوو ئەو پێشوازییەی کە لەلایەن ھەموو چین و توێژ و لایەنەکان لە سەرۆک بارزانی کرا ھەرگیز لەبیر ناکرێت ئەو ڕۆژە."

ھیوا گەیلانی، بە ناوی لقی ١١وە پیرۆزباییی خۆیانی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کرد کە خاوەنی بیرۆکەی ڕاپەڕین و سەرپەرشتیار و ئەندازیاری جێبەجێکردنی ڕاپەڕین بوو، ھاوکات سوپاسی خانەوادەی شەھیدان و تێکڕای خەڵکی کوردستان بە تایبەت جەماوەری دەڤەری ڕاپەرین دەکات کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرھەمی خوێنی ئەوانە.

 

ھەڵکەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار