٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991  پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکات. 

دەقی پەیامەكە:

لە یادی( 30 ) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. 

ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان، بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین. 

با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین. 

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین. 

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار