٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەڕەنسا هاوكاریی پزیشكی و كشتوكاڵیی هەڵەبجە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- كۆنسووڵی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، لە سەردانێكیدا بۆ هەڵەبجە ڕایگەیاند، هەماهەنگیی تەندروستییان دەبێت و پێداویستیی تەندروستی بە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەبەخشن. دەشڵێ، دەیانەوێت هەماهەنگیی كشتوكاڵییان هەبێت و كۆمپانیاكانی فەڕەنسا بێننە هەڵەبجە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا گوتی: "لە ماوەی یەك ساڵدا كۆنسووڵی وڵاتی فەڕەنسا دووەم سەردانیەتی بۆ هەڵەبجە، ئامانج لە سەردانەكەیشی، دوو خاڵە، یەكەم لە ڕووی تەندروستییەوە چۆن هاوكاری بكەن، بە تایبەت بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، دووەم لە ڕووی كشتوكاڵییەوە كۆنسووڵی فەڕەنسا پێی باشە لەو هەماهەنگییەی حكوومەتی هەرێم و فەڕەنسا هەیانە لە ڕوی كشتوكاڵییەوە، هەڵەبجە تێیدا بەشدار بێت، كە بەرهەمی باشی كشتوكاڵی و باخداریی هەیە".

ئۆلیڤەر دیكۆنتینیز، كۆنسووڵی فەڕەنسا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم سەردانی هەڵەبجە دەكەم، بۆ دوو مەبەستیش سەردانی هەڵەبجەم كردووە، یەكەم چۆن بتوانین هاوكاریی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بكەین، كە دەوڵەتی فەڕەنسا بەڵێنی داوە و وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، باسی كردووە".

دیكۆنتینیز گوتیشی: "ئەمڕۆ سەردانی تەندروستیی هەڵەبجە دەكەم و لەگەڵ بەرپرسان و پزیشكانی هەڵەبجە كۆدەبمەوە، تا بزانین ئەوان چییان پێویستە و ئێمە بتوانین هەماهەنگی بكەین و هاوكارییەكە پێشكەش بە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بكەین".

كۆنسووڵی فەڕەنسا دەشڵێ:" هەڵەبجە پێگەیەكی گرنگی ئابووریی هەیە، بە تایبەتی لە ڕووی كشتوكاڵییەوە دەشتی شارەزوور خاكێكی بەپیتە، كاتێك هاتم لە ڕێ كێشەیەكم بۆ دروست بوو، دابەزیم و دەستم لەو خاكە دا، خواستی ئێمە ئەوەیە پەرە بە كشتوكاڵی هەڵەبجە بدرێت و كۆمپانیا فەڕەنسییەكان بێن لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی كار بكەن".

 

عەزیز هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار