نێچیرڤان بارزانى سه‌ركۆنه‌ى هێرشى سه‌ر بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌د ده‌كات

هەولێر-KDP.info- له راگه‌یه‌ندراوێكدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ركۆنه‌ى هێرشى سه‌ر بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌د كرد‌و رایگه‌یاند: داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته و گه‌لانى عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه بێنه ده‌نگ و ڕێگه نه‌درێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته گۆڕه‌پانى پێكدادان.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
زۆر به توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه مووشه‌كییه ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به سه‌ركردایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا له بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌دى ئاسمانى له پارێزگاى ئه‌نبار له عێراق كرده ئامانج و له ئه‌نجامدا به‌ڵێنده‌رێك گیانى له ده‌ست دا. سه‌ره‌خۆشى له خانه‌واده و كه‌سوكارى قوربانییه‌كه ده‌كه‌م، له‌م كاته سه‌خته‌دا هاوسۆز و هاوخه‌میانم.
دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش كه له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراقى فیدرأڵ بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له عێراقن، به ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراقه و ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات و ئێستا و داهاتووى ده‌خاته مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌وه.
بێگومان عێراق له دۆخى ئێستایدا هێشتا پێویستى به به‌رده‌وامیى هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ڕێگرى له به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆرستییه‌ى ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت و كرده سه‌ربازییه‌كان و جموجووڵه تیرۆرستییه‌كانى فراونتر ده‌بن.
داوا له حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته و گه‌لانى عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه بێنه ده‌نگ و ڕێگه نه‌درێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته گۆڕه‌پانى پێكدادان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكان.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/3/3




