لە قەزای سۆران بە گوژمەی سێ ملیار دینار پڕۆژە بەڕێوە دەچێت

سۆران-KDP.info - سەرۆکی شارەوانیی قەزای سۆران گوتی، لە سنووری قەزای سۆران بە گوژمەی سێ ملیار دینار پڕۆژەمان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن و بکەونە خزمەت هاووڵاتییانەوە .
کاوە نەجم، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ قەزای سۆرانیش پارەی جێبەجێکردنی پڕۆژە تەرخان کراوە و ئێمە بە گوژمەی سێ ملیار دینار پڕۆژەمان پێشکەش کردووە و بە گوژمەی ١٤ ملیار دیناریش پڕۆژەمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری قەزای سۆران جێبەجێی بکەین و خزمەتی هاووڵاتییانی پێ بکەین."
کاوە نەجم گوتیشی: "پڕۆژەکان بریتین لە دووسایدی لای ناحیە و ئەوەی لای قەڵا و ئەوەی لای نەھری و ڕۆچوونی لای گواستنەوە و ڕۆچوونی لای جادەی حاجی ئۆمەران، بۆیە چەندین ڕێگاوبان بەو پارەیە چاک دەکرێن کە بۆمان خەرج دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ھەمووی ئاشکرا دەبێت."
گوتیشی: "جگە لەوە، چەند پڕۆژەشمان ھەیە لەسەدا ٧٠ بۆ٨٠ی کارەکانیان تەواو بووە، ئەوانە دەرخستەیان لای وەزارەت ھەیە، ئەگەر پارە بۆ ئەوانەش تەرخان بکرێت تەواو دەکرێن."
بڵند ئیبراھیم




