لە بەردەڕەش 15 پڕۆژە ئەنجام دەدرێن

بەردەڕەش-KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش رایدەگەیەنێت، بڕیارە لە بەردەڕەش 15 پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێن، تێچووی پڕۆژەکانیش لەو 70 ملیارەیە کە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پارێزگای دھۆک تەرخانی کردووە و، ھەر کاتێک پارەکە بگات، دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
خەلیل مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ قەزای بەردەڕەش ئەنجام بدەین، کە 15 پڕۆژەن و رەزامەندییان لەسەر دەدرێت، هەروەها 42 پڕۆژەی دیکەشمان پێشتر پێشکەش کردبوون و چاوەڕێ دەکەین پارەیان بۆ خەرج بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت".
قایمقامی قەزای بەردەرەش گوتیشی، ئەو پڕۆژانەی رەزامەندییان لەسەر دەدرێت، لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانی و ھەموو بوارەکانی دیکەدان.
مەحموود باسی لەوەش کرد: "لە چوارچێوەی خەرجکردنی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان، 70ملیار دینار بۆ پارێزگای دھۆک دابین کراوە و چاوەڕێی ھاتنی پارەکە دەکەین، بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکان بکەین".
دەشڵێ: "کۆبوونەوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام درا و بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کرا، کە بۆ پارێزگای دھۆک 70 ملیار دینارە و پشکی ئێمەش لەو پارەیە ھەیە و کاتێک پارەکە ھات، دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




