پرۆسەی چاکسازی لە پلە تایبەتەکان بەردەوامە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، کە پێویستە پڕی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت.
سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکو وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان بۆ ئاشکرا بکەن، چونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەموکوڕی ھەبووە، بۆیە پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت، بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە، کە پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن".
موخلیس گوتیشی، ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکو فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە ٧٥٠ کەس دەبن و ئەوانیش ٩٠%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت، ئەوانی دیکە وەکو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە".
دەشڵێ: "لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




