٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە درێژایی ٩١٥ کم ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ گرێبەستمان بۆ دروستکردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ کۆمپانیای بیانی کە شارەزاییەکی باشیان ھەیە لەسەر ئاستی جیھان هەیە، واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ھێڵی ئاسنین بە درێژاییی ٩١٥ کم لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، کە تێچووەکەی سەرووی ملیارێک دۆلار دەبێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ بانگھێشتی ئەو کۆمپانیایانەمان کردووە کە بۆ دروستکردنی سەرەتاییی ھێلی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و ئەو کۆمپانیایانە کە بانگھێشت کراون گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کرا کە کۆمپانیای جیھانین لە بواری دیزاینکردن و لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن. ئەو پڕۆژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە و ھەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێ لە بواری گواستنەوەی ئاڵوگۆری بازرگانی و ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لە نێوان شارەکان، بۆیە ھیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بە شێوەیەکی زانستیانە و ئابوورییانە خزمەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات."

دانا عەبدولکەریم گوتیشی: "ئەمڕۆ واژۆمان لەگەڵ سێ کۆمپانیای گەورەی جیھان کرد کە ئەو کۆمپانیایانە پێشەنگن و ھیوادارین لەو ماوەیەی بۆیان دیاری کراوە ئەوەی لێیان داوا کراوە ڕادەستی ئێمەی بکەن و سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەم کە ھەر لە سەرەتاوە پشتگیریی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاندووە و بەردەوام دەبین لە ڕووی پێشکەوتن و بۆ سەلامەتیی ھاووڵاتییان وەزارەت ڕۆڵی خۆی بگێرێت و بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوورییش، ھیوادارین لە چەند ساڵی داھاتوو بە چاوی خۆمان ببینین کە لە ھەرێمی کوردستان ھێڵی ئاسنین ھەیە."

عەبدولکەریم باسی لەوەش کرد: :ئەو پڕۆژەیە بە سێ قۆناغی سەرەکی تەواو دەبێت و لە شەش ئاستی جیاجیا پڕۆژەکە تەواو دەبێت و ئێمە ماستەرپلانی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستانمان ھەیە، بەڵام ئێستا ئەو سێ کۆمپانیایە ئەو کارە جێبەجێ دەکەن کە دوو کۆمپانیایان ئیسپانیایی و یەکێکی ئەڵمانیایی ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکە دەکەن و دواتر دەست بە قۆناغەکانی دیکەی پڕۆژەکە دەکرێت. درێژیی ھێڵی ئاسنینەکە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ٩١٥ کم دەبێت کە قۆناغی یەکەم ٦٢٠ کم و قۆناغی دووەم ١٣٥ کم و قۆناغی سێیەم ١٦٠ کم و جارێ ناتوانین تێچووی پڕۆژەکە دیاری بکەین بە تەواوی، بەڵام لە سەرووی یەک ملیار دۆلار دەبێت و لەم کابینەیەدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار