ئه‌مڕۆ شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- راوێژكار و گوته‌بێژى وەزارەتی پیشه‌سازى و بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئه‌مڕۆ شاندێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیی هەرێم به مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگیى زیاتر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه داراییه‌كان و چه‌ند پرسێكى تر‌ى گرنگ، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.
فه‌تحى محه‌ممه‌د عه‌لى، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، شاندێكى وه‌زاره‌ت به سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیرى بارزگانى و پیشه‌سازى و بریكاره‌كانى كاروبارى بازرگانى و پیشه‌سازى و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوبه‌ره‌گشتییه‌كان، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانیى عێراق و وه‌زاره‌تى پیشه‌سازیى عێراق كۆده‌بنه‌وه".
گوته‌بێژى وەزارەتی پیشه‌سازى و بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "شانده‌كه دوو رۆژ له به‌غدا ده‌مێننه‌وه و، ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ش بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ردوو لایه‌ن و دروستكردنى هه‌ماهه‌نگیى زیاتر بۆ كار و چالاكى و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ كێشه و گرفته‌كانى به‌رده‌م كارگه‌كان و بازرگانان و مۆڵه‌ته‌كان و كۆمپانیاكانى هه‌رێمى كوردستان".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "له‌م سه‌ردانه‌ى شانده‌كه‌دا بڕیاره له كاتى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانیى عێراق، باس له وه‌جبه‌ى دووه‌مى شایسته داراییه‌كانى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستانیش بكرێت، تاوه‌كو ئه‌وه‌ى ماوه بێته خه‌ر‌جكردن كه په‌نجا له‌سه‌دى بڕیارى خه‌رجكردنى دراوه بۆ ساڵه‌كانى 2015 و 2016 و 2017 وه‌ك وه‌جبه‌ى یەکەم".
نه‌شوان به‌رزنجى




