بزووتنەوەی كۆماریخوازان 42هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر بەرز رادەگرێت

هەولێر-KDP.info- بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە پەیامێكدا 42هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر بەرز رادەگرێت، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
نەمر (مەلا مستەفا) كوڕی (شێخ محەمەد بارزانی)، لە ساڵی 1903 لە گوندی بارزان هاتووەتە دونیا و لە ساڵی 1976ی زایینیدا بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشیەكەی و هەروەها دەستەبەركردنی پشتیوانی و كۆمەكی دونیای دەرەوە لە پێناو درێژەدان بە شۆڕشی كورد، بەرەو وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەفەر دەكات و لە واشنتۆن نیشتەجێ دەبێت، سەرئەنجام لە 1ی مارسی ساڵی 1979ی زایینی لە ئەنجامی تووشهاتن بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بەداخەوە كۆچی دوایی دەكات.
بزووتنەی كۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئەركی نیشتیمانیی گشت خەڵكی كوردستانی دەزانێ، كە لە ساڵیادی كۆچی دووایی گەورە پیاوی كورد، نەمر مەلا مستەفا بارزانی، یاد و یادمانی بەرز و پیرۆز رابگیردرێت و دەستكەۆتە بەنرخەكانی لە رەوتی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوایەتیدا گرینگ و پڕبایەخ بنرخێندرێن.
مەلا مستەفا بارزانی دەگەڵ ئەوەش كە لەلایەن گشت نیشتیمانپەروەرانی كورد وەك باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد و كوردستان ناسراوە، بەڵكوو ئاشكراشە كە رێگا و رێبازی ئەم نەمرە دەگەڵ بنەما فیكری و فەلسەفییەكانی سەردەمی كۆمار و پێشەوا قازی، وەك سەرچاوە و قوتابخانەی بیر و هزری نەتەوەیی و نەتەوەخوازی، بوونەتە دەستمایەی ساغكردنەوەی ئیستێراتیژی تاك و كۆ و حیزبەكانی خاوەن ئاجێندەی نەتەوەخوازی. بۆیە هەڵدەگرێ رۆڵی ئەم گەورە پیاوە لە قۆناغگەلی جۆراوجۆری مێژووی مۆدێرن و هاوچەرخی نەتەوایەتیماندا بەرز بنرخێندرێ و لە ئازموونەكانی خەباتی پڕنرخ و پڕبەهای، سوودی فەلسەفی و رەوەنگەییان لێ وەربگیردرێت.
مەلا مستەفا بارزانی، یەكێك لەو كەسایەتیانە بوو كە ڕۆڵی گەورەی بۆ كورد و كوردستانی گەورە، بە تایبەت لە دامەزران و بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباددا گێڕا و، ژیان و ماڵی لەپێناو ئازادی و بەختەوەریی نەوەی نوێ، قوربانی رێگای خەبات كرد. هەر بۆیە لەسەرمان ئەركە بە وەبیرهێنانەوەی ڕێگا و ڕەوشتی ئەم گەورە پیاوە، ئەركی نیشتیمانپەروەری و سەرۆكی خۆشەویستیمان بەجێ بگەیەنین و خۆمان و یارانی كورد دڵخۆش بكەین كە نەوەی كێین و رێبواری چ رێبازێكین.
بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان، دەگەڵ بەرز و پیرۆز راگرتنی یاد و یادمانی ئەم گەورە پیاوەی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی نەیەوایەتیمان، ئومێد دەخوازێ بەڵكوو بە هیمەتی گشت لایەك، بتوانرێ 42هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر، بكرێتە سەرەتایەك بۆ دەستپێكی چەسپاندنی ئەسڵی تەبایی و یەكانگیریی نەتەوەیی لە كوردستان بە گشتی و هەروەها دەستەبەركردنی سازانی نیشتیمانی لەپێناو دەربازبوون لە قەیرانگەلی سیاسی، ئابووری و ساغكردنەوەی پرسی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەت/نەتەوە لە باشووری كوردستان بە تایبەتی.
لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین
بژی كورد و كوردستان
شوورای هەماهەنگی/ بزووتنەوەی كۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان
2/3/2021




