٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: پێم باشە زۆرینەی شیعە و كورد و سوننە بەیەكەوە هاوپەیمانی پێك بهێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پێم باشە زۆرینەی شیعە و زۆرینەی كورد و هەروەها زۆرینەی سوننە هاوپەیمانی بكەن، ئەمە شتێكی باشە بۆ پێشگیریكردن لە ڕووداوەكانی دوای هەڵبژاردن. دەشڵێت، بە پێشبینیی من، كوردەكان ناتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ یەكتر بكەن و ببنە یەك لیست، چونكە ئەگەر لایەنە كوردییەكان ڕێك بوونایە، ئەم شەڕفرۆشتنەش بە كورد نەدەكرا.

فازڵ میرانی، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی بەغدا بە عەرەب و كوردەوە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: "پێم باشە زۆرینەی شیعە و زۆرینەی كورد و هەروەها زۆرینەی سوننە هاوپەیمانی بكەن، ئەمە شتێكی باشە بۆ پێشگیریكردن لە ڕووداوەكانی دوای هەڵبژاردن، بە پێشبینیی من كوردەكان ناتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ یەكتر بكەن و ببنە یەك لیست، چونكە ئەگەر لایەنە كوردییەكان ڕێك بوونایە، ئەم شەڕفرۆشتنەش بە كورد نەدەكرا". 

پەیوەست بە ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە بێ كورد، فازڵ میرانی دەڵێت: "كێشەی كورد لە عێراق، كێشەی بودجە و مووچە نییە، خۆ لە سەردەمی سەددام بودجە دەدرا ئێمە شەڕیشمان دەكرد لەگەڵ سەددام، تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش ئامادە بوو مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام چونكە كێشەی ئێمە، كێشەی نەتەوایەتییە، ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتیمان جێبەجێ ببێت، مووچەمان ناوێت لە بەغدا، لەبەر ئەوەی بە ڕاستی هەموو حیزبی كوردی خەباتیان كردووە نەك لە پێناوی بودجەدا، بەڵكو لە پێناوی مەسەلەی نەتەوەیی."

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرەتای وتووێژەكەدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: "یەكڕیزی كێشەیەكی كوردە ئێستا حاڵی حازر، بەڵام چونكە ئێمە زیاتر لە بەردەم هەڕەشەداین و حیزبەكانی شیعە و سوننە لە بنەڕەتدا دژی قەزیەی كوردن، بەڵام پارتییان كردۆتە ڕووكەشەكەی، لەبەر ئەوە ئێمە پەیوەندیی خۆمان چاك دەكەینەوە لەگەڵ بەغدا و بەرگری لە مەسەلە نەتەوەییەكانی خۆمان دەكەین."

میرانی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی وەفدی پارتی بەتەنها سەردانی بەغدادی كردووە؟ گوتی: "ئەگەر لایەنە كوردییەكان ڕێك بوونایە، ئەم شەڕفرۆشتنەش بەكورد نەدەكرا، لەبەر ئەوە بەداخەوە كوردەكان لەناو یەكدا یەك نین، هەموومان باسی یەكڕیزی دەكەین، بەڵام چەند ڕیزبین پارتی دیموكراتی كوردستان كۆڵ نادات ئێمە هەر دوای یەكڕیزی دەكەوین بەپێی ئەو ئامانجە نەتەواییانەی كە لەپێناویدا پارتی دروست بووە".

دەشڵێ: "بڕیار بوو وەفدێك بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێم كە ‌حیزبەكان هەمووی لەوێ كۆببنەوە بەڵام بەداخەوە تائێستا نەكراوە و جەنابی سەرۆكی هەرێمیش هەر كۆڵی نەداوە و دەیەوێت كوردەكان كۆبكاتەوە و وەفدێك دروست بكاتەوە بۆ بەغدا، كێشەیەك هەیە ئێمە لەگەڵ بەغدا لەناو خۆماندا ناكۆكیمان هەیە بەداخەوە هەندێك كەس لەگەڵ بەغدا جووت دەبن بۆ زەوتكردنی مافی كورد، مەسەلەی لامەركەزی باسدەكرێت یان هەندێك دەڵێن بائێمە هەروەكو پارێزگاكان لەگەڵ عێراقدا بین لەسەر فیدڕاڵیەتی خۆمان باز بدەین بەسەر خوێنی شەهیدان و ئەو هەموو خەڵكەی بەشەهیدكردنمان داوە ئینجا دەڵێن بائێمە وەكو پارێزگا لەگەڵ بەغدا بین، بەدڵنیایی چەند لایەنێكی كوردی، ئەو داوایە دەكات، لایەنی كوردی لە كوردستانە كەسی تر لەكوردستان نییە."

پەیوەست بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، فازڵ میرانی گوتی: "هاوپەیمانی بە شێوەیەكی ئاسایی باشە، بەڵام بۆ لایەنە كوردەكان بەپێشبینی من ناتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ یەكتر بكەن لەبەر ناكۆكییەكانیان، شیعەكانیش هەروەكو كوردن، لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن و دژایەتی ڕیفراندۆم و مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان یەك هەڵوێستن بەڵام ئەوانیش هەریەكە دەیەوێت گەورەترین پارچەی "كێك"كە هی خۆی بێت بۆیە ناتوانن هاوپەیمانی بكەن بە بۆچوونی من ئەوەندە شەقامی خۆیان هەستیار كردووە بەرامبەر بە كورد كە چیتر خەڵكی خۆیان بەقسەیان نەكەن."

میرانی، لەوەڵامی ئەوەی، بۆچی كوردەكان ناتوانن ببنە یەك لیست، گوتی: "وەڵامی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەها ساڵی ڕابردوو، كە مام جەلال ساغ بوو بەڕەحمەت بێت، ئێمە ئەوكات دەمانتوانی بە ئاسانی یەك لیست بین و یەك لیستیش بووین، كوردەكان بە یەكلیستی لە هەڵبژاردنی پێشووتری پێشووتر 77 كورسیمان هەبوو، بەڵام كە لەیەكتر ترازاین بە هەموومان ئێستا هاتووینەتەوە سەر 55-56 كورسی، ئەمەش وایكردووە چیتر كورد ئەو حسابەی جارانی بۆ نەكرێت" چونكە بەزۆرینە و بەكەمینە یاساكان دەرباز دەكەن، بەكەمینە و زۆرینە دەنگ لەسەر بودجە دەدەن، ئەو شوێنە بەتاڵانەی كە پشكی كوردە، ئەو سازانەی كە كورد هەیبوو لەگەڵیان لەبەر لاوازبوون و نەبوونی هاوپەیمانیەكی كوردی، ئەو سازانە نەماوە بۆنموونە سەرۆك ئەركان لە كورد بوو، خانەنشین بوو كەسێكی كوردی لەجیاتی ئەو دانەنرا، هەندێك وەزارەت و بریكاری وەزارەت و هەندێك دەستەی سەربەخۆ ئەمەش ئۆباڵی میللەتەكە بەئەستۆی هێزە سیاسییەكانی كوردایە ئەگەرنا نە بەغداد ئەوەندە بەهێزە شت بەسەرماندا فەرز بكەن نە ئێمەش ئەوەندە لاوازین كەشت بەسەرخۆماندا قبوڵ بكەین "بەڵام ڕەحمەتی مەلا ماتۆڕ وتی ئەوە ئاوهایە".

گوتیشی: "ئەگەر زۆرینەیەكی شیعە، زۆرینەیەكی كورد، زۆرینەیەكی سوننە هاوپەیمانی بكەن باشە بۆ پێشگیریكردن لە ڕووداوەكانی دوای هەڵبژاردن."

ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بەتەنها هاوپەیمانێتی لەگەڵ وەك خۆت دەڵێی زۆرینەی شیعە و سوننە بكات بۆ هەڵبژاردنەكان بێ لایەنی تری كوردی؟

فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە جارێ ئەو بڕیارەمان نەداوە، چونكە بەڕاستی ئێستا لەو هەوڵ و تەقەلایەداین بۆ یەك لیستی كوردی بێ ئومێد نەبووین باشتر وایە زۆرینەیەكی كورد زۆرینەیەكی شیعە زۆرینەیەكی سوننە ببنە هاوپەیمانییەك كەمن بێ ئومێد نیم، بەڵام زۆریش ئومێدم نییە، چونكە هەریەك مەبەستی خۆی هەیە، هەریەك چاوی لەپارچە "كێك"كەیەتی، هەریەك حساباتی خۆی دەكات بەڵام ناكرێت ئێمە بەبێ زۆرینەی شیعە ببینە یەك لایەن لەگەڵ یەك لایەنی شیعە بەرامبەر بە ئەوی تر بۆ ئەوەی نەبینە لایەن لەو كێشەیە باشترە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتر ئاماژەی دا: "ئێمە و گۆڕان و یەكێتی و توركمان، ئاشووری و مەسیحی، هاوبەشی یەكین لە پەرلەمانێك و حكوومەتێك كەپێی دەڵێن پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە هاوپەیمانیین لەوڵاتی خۆماندا، بەڵام بۆ هەڵبژاردن من پێشبینی ناكەم پاش ئەم لەیەكتر دابڕینە ئەو ڕەغبەتە بەو توندییە هەبێت بەڵام لەوانەیە ڕۆژگارێك بێتەوە ئەگەر تەنگانەیەك كەوتە سەر میللەتی ئێمە خوانەخواستە وەكو ساڵی 1988 و دوای هەڵەبجە و ئەنفال و ئەوانە كە بەرەی كوردستانیمان دروست كرد پێشتر ناكۆكیی حیزبیشمان هەبوو، بەڵام هەموومان لەیەك بەرەدا كۆبووینەوە و توانیمان سەرهەڵدان بكەینەوە و ئەم هەرێمەش بەو جەبهەی كوردستانی دامەزراوە".

دەشڵێ: "سیاسەت عیلمێكە موستەلزەماتی خۆی هەیە، یان جەنابت، ناتوانیت ناوی حیزبێك بنێتە ناو قوڕگم و بڵێی ئەو ناوەم پێ بڵێ كە كێ ڕازی دەبێت یا ڕازی نابێت بە هاوپەیمانی و یەكلیستی، لەبەر ئەوە ئەمە لە سیاسەتەدا بڕێكی مەهجورە- وازلێهێنراوە ببوورە."

سەبارەت بە ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بێ كورد، فازڵ میرانی، دەڵێت: "لە ڕاستیدا بیانەوێت یان نەیانەوێت پرۆسەی سیاسی بەبێ كورد سەقەتە، چونكە كورد پێكهاتەیەكی گرنگە، نەتەوەی دووەمین، دووەم ئەمە خەت بەسەرداكێشانی میللەتێكە لەوڵاتێكدا كەدەڵێن ئێمە برای یەكین و هاوبەشی یەكترین ئەوسا ئەگەر ئەمەیان كرد" لكل حادث حدیث." كوردیش دەبێت خەمی خۆی بخوات، بە پێشبینیی من نە عێراق بەرژەوەندی هەیە ئەو هەنگاوە بهاوێژێت، نە ئێمەش عێراق هان بدەین بۆ هەنگاو هاویشتنێكی وا چەوت."

لەبارەی ئەوەی ئایا كورد كارتی فشاری بەرامبەر بەغدا هەیە، میرانی گوتی: "خۆ نە ئەوان كارتی فشاریان هەیە كە ئێستا مووچەیان گرتووە ئەوە كارتی فشار نییە، مەسەلەی كورد ئێمە هەموومان هێزە سیاسییەكان ئەگەر ڕاست بن لەگەڵ بیروباوەڕ و پەیڕەو و پڕۆگرامەكان و سۆزی خۆمان بۆ میللەتی خۆمان كێشەی ئێمە بودجە نییە خۆ لەسەردەمی سەدام، بودجە دەدرا ئێمە شەڕیشمان دەكرد لەگەڵ سەدام تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش ئامادە بوو مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، خۆی كێشەی كورد كێشەیەكی نەتەوەییە،كێشەیەكی سیاسیە، كێشەیەكی كەلتورییە، بەداخەوە هەندێك لەهێزە سیاسیەكانیش كێشەی كوردییان هێناوە كردوویانە بە بودجە بۆ منافەسە و موزایەدەی سیاسی، كە ئەمە بەڕای من گەورەترین هەڵەی مێژووییە، میللەت لە هیچ كام لەئێمە قبوڵ ناكات نە لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا."

میرانی، لەسەرەوە گوتی، كێشەی هەرێمی كوردستان، كێشەی بودجە و مووچە نییە لەگەڵ بەغدا، ئایا ئەگەر بەغدا داواكارییە نەتەوایەتییەكانتان بۆ جێبەجێ بكات، ڕازی دەبن بودجە و مووچە نەدات بە هەرێمی كوردستان؟

فازڵ میرانی، ڕایگەیاند: "ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتیمان جێبەجێ ببێت، مووچەمان ناوێت لە بەغدا، چونكە ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتیمان جێبەجێ كرا، واتە ئێمە قەوارەیەكی سەربەخۆمان هەبێت و داهاتی خۆمان بۆ خۆمان دەبێت، ئازاد دەبین، دەتوانین ببینە كۆنفیدڕاڵییەك لە عێراق ئەوسا دەتوانین پێكەوە بژین و موحتاجی بودجەی ئەوانیش نابین، چونكە بەڕاستی هەموو حیزبی كوردی خەباتیان كردووە نەك لە پێناوی بودجە، بەڵكو لە پێناوی مەسەلەی نەتەوەیی."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی بوونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، گوتی: "گەورەترین مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان لێكدابڕینی كوردەكان خۆیانن، ئەگەرنا عێراق دەبێت بە دەستووردا بچێتەوە چونكە لەساڵی ۱۹۹۲ وە ئێمە قەوارەی فیدڕاڵیەتمان ڕاگەیاندووە یەكلایەنە بەڵام لەدوای ۲۰۰۳ لایەنی تریش قبوڵیان كردووە لە ۲۰۰٥ لە دەستووری عێراقدا وە دەستوور گرێبەستێكە خۆ بەكەیفی ئەوان نییە، بەڵام ئالیەتی هەموار كردنەوەی دەستور دەستور خۆی ڕایگەیاندووە ئەگەر سێ پارێزگا دەنگی نەدا بەو هەموواركردنەوە هەمووار كردنەوەكە سەرناكەوێت، مەترسی لەوەدایە كە یەكێك لە پارێزگاكان، هێزێكی سیاسی لەهێزە سیاسیەكان ئەگەر توانی زۆرینەیەك ڕازی بكات كەدەنگ بدات بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور ئا لەوێدا مەترسی لەسەر هەیە."

واتە ئێوە لەوە دەترسن حیزبێكی كوردی لەگەڵ سێ پارێزگاكەی هەرێم نەبێت لە حاڵەتی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق؟ 

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامدا گوتی: "ئەگەر لە حیزبێكیش بترسین یان لە دوو حیزب، بەڵام لە میللەتی خۆمان ناترسین، بە بۆچوونی من میللەتی كورد ئەوەندە ڕۆشنبیر و نیشتیمانپەروەر و ئەوەندە خێزانی شەهید و لەسێدارەدراو و ئەنفالكراوی تێدایە كە لە پێناوی ئەم هەرێمەدا نایكەنە قوربانی مووچەیەكی ئەمڕۆ بۆ ئایندەیەكی نادیار."

فازڵ میرانی لە وتووێژەكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە بۆچی جۆرێك لە هەستیاری بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دیارە كاتێك باسی ئەوە دەكرێت بەغدا ڕاستەوخۆ خۆی مووچە بدات بە فەرمانبەرانی پارێزگایەك و مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بكات؟

میرانی گوتی: "ئێمە ئێستاش هەستیار دەبین تا پێمان بكرێت بەرهەڵستی ئەو بیرۆكە دەبین، چونكە دابڕانی پارێزگایەك لە پێناوی مووچەدا لە فیدڕاڵیەتەوە لەهەرێمەوە بۆ لای بەغدا، ئەمە خۆی مەترسییەكی گەورەیە و ئێمە بەرهەڵستكاری ئەوە دەبیین، بە بۆچوونی من لە ئێمە زیاتر ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی كورد میللەتی ئێمە دژی ئەوە ڕادەوەستێت ئەگەر میللەت ڕازی بێت قوربانی بەفیدڕاڵیەتی خۆی و هەرێمی خۆی بداتەوە لە پێناوی ئەوەی بەناوی لامەركەزییەت بچێت مووچە لە بەغدا وەربگرێت، ئەوە مەسەلەیەكی ترە، ئەوسا با میللەت حوكمی خۆی بدات ئەگەر حیزبێك بەتەنها ئەمە بكات ئەم میللەتە حكومی لەبارەوە دەدات، بەڵام ئەگەر میللەت خۆی ڕازی بێت، خۆ ئێمە ناتوانین بەرامبەر زۆرینەی ڕای میللەتی خۆمان ڕابوەستین."

واتە ئێوە پێتان وایە داواكاری مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم پیلانێكی دەرەكییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان؟

فازڵ میرانی دەڵێت: "ئەم بابەتە، بابەتێكی قوڵ و ستراتیجییە، ناكرێت هەرگیز خۆشباوەڕ بین كە ئەو وڵاتانەی وڵاتەكەی ئێمەیان دابەش كردووە ئێمە هەزار ساڵ پێش عەرەب لە عێراق بووین بەڵام لە كوردستانی عێراق ئەوسا كوردستان عایدی عێراق نەبووە، عەرەب لەدواییدا هاتوونەتە ئەم وڵاتە ئەگەر سنوورەكەی بزانین، دووەمیان كاڵفامییە وەكو كاك مەلا بەختیار دەڵێت، ئێمە ئەگەر بڕوا بكەین ئەو وڵاتانەی كە وڵاتەكەی ئێمەیان دابەش كردووە، كل دەكەنە چاومان لەجیاتی خۆڵ، بۆئەوەی فیدڕاڵیەتی ئێمە بمێنێتەوە و گەشە بكات لە دواجاردا بە دیدی ئەوان ببێتە دەوڵەتێك، بە بۆچوونی من ئەوانەی ئەم ئاڵایەیان هەڵگرتووە، یان ئەم بیرۆكەیان (ئەداپ) كردووە، تەبەنییان كردووە بیری خۆیان نییە، وە بەبێ پشتیوانی یەكێك لە دراوسێكانی ئێمە، ناتوانن ئەمە ببەنە سەر."

 

فایزەكۆیی  

 

هەواڵی پەیوەندیدار