بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار شەقامەکانی ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە
__2021_03_01_h15m51s35__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕێگە سەرەکییەکان و شەقامەکانی نێو شاری ھەولێر نۆژەن بکرێنەوە و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، دەرخستەیان بۆ چەندین پڕۆژە کردووە و لەسەر داھاتی شارەوانی دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕێگا سەرەکییەکان و شەقامە نێوخۆییەکانی ھەولێر نۆژەن بکەینەوە و دەرخستەمان بۆ ژمارەیەک پڕۆژە کردووە، تێچووی پڕۆژەکانیش لەسەر داھاتی شارەوانی دەبێت، بەڵام چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەکانین لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار."
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر گوتی: "پڕۆژەکان بەسەر ھەموو ناوچەکانی سنووری شارەوانیی ھەولێردا دابەش کراون و ھەوڵ دەدەین ھەموو ئەو شەقامانە بگرێتەوە کە پێویستیان بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە ھەیە."
عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ھەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو گەڕەکەکانی شاری ھەولێر و بەپێی ئەو داھاتەی لە بەردەستمانە درێغی ناکەین بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر.''
قائید میرۆ




