"ڕێگایەکی نوێ بۆ بەستنەوەی گوندەکانی نزیک بەنداوی دھۆک دروست دەکرێت"

دهۆک-KDP.info- بڕیارە ڕێگایەکی نوێ بۆ ژمارەیەک گوندی دەوروبەری دھۆک دروست بکرێت و پارێزگای دھۆکیش ڕوونی کردەوە، ڕێگاکە گوندەکانی دەوروبەری شاری دھۆک دەبەستێتەوە بە سەنتەری شار و کێشەی ڕێگای گەلی دھۆک چارەسەر دەکرێت.
مللەت عیسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر گوند دەکەونە دەوروبەری بەنداوی دھۆک و تەنیا یەک ڕێگاش ئەو گوندانە بە سەنتەری شاری دھۆک دەبەستێتەوە، ئەوە وای کردووە قەڵەباڵغیی زۆر بکەوێتە سەر ڕێگای گەلی دھۆک، بەتایبەتی لە کاتی پشووەکاندا خنکاندنی ھاتوچۆ دروست دەبێت."
سکرتێری پارێزگاری دھۆک دەشڵێت: "لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری دھۆک تیمێکی پسپۆڕ پێک ھاتوون و دوای سەردانی مەیدانی بڕیار درا بە دروستکردنی ڕێگایەکی نوێ لە سەنتەری شاری دھۆکەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی دھۆک کە بە درێژیی ٩ کیلۆمەتر و بە شێوەیەکی ئەندازیاریی پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت."
مللەت عسمەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکە کارئاسانیی زۆر بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانە دەکات و، ھاووڵاتییان و گەشتیارانی نێو شاری دھۆکیش لە کاتی بۆنە و گەشتکردندا ڕێگایەکی ئاسان و باشتریان دەبێت، لەبەر ئەوە، پڕۆژەکە گرنگیی خۆی ھەیە بۆ ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەی ھاتوچۆی نێوان دھۆک و گوندەکانی پشتی بەنداوی دھۆک."
قائید میرۆ




