٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ناسح: دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمرن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری كورد، د. ناسح غەفوور دەڵێ، لە یادی ٤٢ ساڵەی كۆچی دوایی بارزانیی نەمردا، پێویستە ئەو خەباتەی ٥٠ساڵ لە پێناو بەدیھێنانی مافەكانی كورددا كردی، بەردەوام بین لەسەری، چونكە بارزانیی نەمر ناوی لەگەڵ كورد و كوردستان ئاوێتە بووە و، دەستكەوتەكانی ئێستاش بە خەباتی بارزانیی نەمر بەدەست ھاتوون.

پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سیاسەتمەداری كورد، د. ناسح غەفوور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ژەنەراڵ مستەفا بارزانی، باوكی رۆحیی نەتەوەیی كورد، یەكێكە لەو سەركردە ناودارانەی كورد كە لە سەدەی بیستەمەوە ناوی كورد و كوردستان لەگەڵ ناوی بارزانیی نەمر ئاوێتە بووە و لە ماوەی ٥٠ساڵی خەباتدا، ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ بەدیھاتنی مافە رەواكانی گەلی كورد و بە حوكمی ئەوەش كە بنەماڵەی بارزانی كوردپەروەر بوونە، توانیویانە جێی خۆیان لەناو دڵی ھەموو كوردێكدا بكەنەوە، بارزانیی نەمریش لە سەردەمی گەنجایەتیی خۆیدا ھەوڵی زۆری داوە كە كورد بگاتە ئامانجی خۆی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین راپەڕین و شۆڕشی بەرپا كردووە، هەروەها بەشداری لە راگەیاندنی كۆماری مەھابادیشدا كردووە و بەرگری لە كۆماری مەھاباد كردووە، هەر لەوێش پلەی ژەنەراڵی پێ بەخشراوە وەكو سەركردەیەكی سەربازی بۆ بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان.

دكتۆر ناسح غەفور گوتیشی، دوای ئەوەش كۆڵی نەداوە و رۆیشتووە بۆ یەكێتیی سۆفیەت و دواتر گەڕاوەتەوە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بەرپا كردووە و سەركردایەتیی شۆڕشی كردووە، كە ببووە ھیوای ھەموو كورد ئەو شۆڕەشە نەك تەنھا باشووری كوردستان، بەڵكو هەموو عێراقیش بە گشتی بگاتە مافە رەواكانی خۆی، ھەر بۆیە ھەموو لایەك بەشدارییان لەو شۆڕشەدا كرد.

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "دەستكەوتەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمرن، بۆیە پێویستە ئەو رێبازە وەكو چاومان بپارێزین و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەین، كە بەخەباتی بارزانی بەدیھاتوون، چونكە ناوی بارزانی لە دڵی ھەموو نیشتیمانپەروەرێكدا زیندووە، بۆیە پێویستە وەك گەلی كورد، ئەو خەباتەی بارزانی كردی، بەردەوام بین لەسەری و خەونی ئەویش بەدی بێنین، هەروەها درێژە بە رێبازی پیرۆزی بارزانی بدەین و یەكڕیز و یەكھەڵوێست بین".

بڵند ئیبراھیم   

 

هەواڵی پەیوەندیدار