٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارەی زیادەی نەخۆشخانە ئەھلییەكان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو تووشبووانەی كۆرۆنا پێك ھێناوە، كە بۆ چارەسەر چوونەتە نەخۆشخانە ئەھلییەكان و پارەی زیادیان لێ وەرگیراوە، بۆ ئەوەی پارەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دراوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاندووە: "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێك هێنرا، بۆ پێداچوونەوە بەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی كۆرۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەكانەوە، بە جۆرێك كە پارەی زیاتریان لێ وەرگیراوە لەو بڕەی كە وەزارەتی تەندروستی دیاری كردبوو".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: "دوای تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاری دا نەخۆشخانە ئەهلییەكان داشكاندن بكەن، بۆ تووشبووانی كۆرۆنا سەرەتا داشكان بە ڕێژەی 25% و، دواتر بەڕێژەی 50%، هەندێك نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەكان پارەی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیە لیژنەكە سەردانی هەموو نەخۆشخانەكان دەكات".

حەوێزی ئەوەشی ئاشكرا كرد: "تەنها لە یەك نەخۆشخانەی ئەهلی، دەركەوتووە كە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە كە دەكاتە بڕی زیاتر لە 116 سەدوشازدە هەزار دۆلار بەرامبەر بە 169 سەد و شەست و نۆ ملیۆن دینار، كە لە ئەمڕۆوە بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێندرێتەوە".

ناوبراو زیاتر گوتی: "لیژنەكە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەكان و بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانە دەكەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە، هەر نەخۆشخانەیەك سەرپێچیی كردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش و خاوەن مافەكان".

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار