لیژنەی دارایی: كردنەوەی حیساب بانكی بۆ فەرمانبەران، ھەنگاوێكی گرنگە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا بۆ ھەر فەرمانبەرێك حیسابێكی بانكی دەكاتەوە، ئەمەش گرنگیی زۆری ھەیە، ھەم بۆ سیستمی مووچەوەرگرتن و هەم بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی بانكی لە ھەرێمی كوردستان.
ئەرشەد لۆلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە و ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە لە جێبەجێكردنی یاساكە، ھەر فەرمانبەرێك حیسابێكی بانكیی تایبەتی بە خۆی دەبێت و حكوومەتیش بۆ ھەموو فەرمانبەران ئەو حیساب بانكییە دەكاتەوە.
لۆلالی گوتیشی، ئەمەش بۆ ئەوەیە ھەموو پارەكانی ھەر فەرمانبەرێك لەسەر ئەو حیساب بانكییە بێت و رێكخستنەوە بۆ مووچە بكرێت، كە ھەنگاوێكە بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستمی بانكی و سیستمی مووچەوەرگرتن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەر فەرمانبەرێك كە حیساب بانكیی خۆی ھەبوو، ئەوكات ئەو پاشەكەوتەی لای حكوومەتیش ھەیەتی، ئەویش دەخرێتە سەر ئەو حیساب بانكییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێكی زۆر باش و گرنگە كە حكوومەت لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی ئەنجامی دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ھەر فەرمانبەرێك كارتی خۆی دەبێت و دەتوانێت بەپێی ئەوە كاری پێ بكات لەو حیساب بانكیەی بۆی دروست دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم




