دەسەڵات بە بەڕێوەبەرە گشتییەكان دراوە بەپێی پێویست مامۆستای وانەبێژ وەربگرن

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، فۆڕمێكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە ھەر بەڕێوەبەرایەتییەك پێویستیان بە وانەبێژ ھەبێت، دەتوانن بەپێی پێویست وەریان بگرن، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ، بەپێی چەند مەرجێك وانەبێژان وەردەگرن و ئەمجارەش دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەكان دراوە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، فۆڕمێكی ئامادە كردووە بۆ وەرگرتنی مامۆستای وانەبێژ لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان و، ئەمجارە وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە خۆیان دەتوانن مامۆستای وانەبێژ وەربگرن، كە پێشتر ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەت بوو.
گەرمیانی گوتیشی، وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێویستی بە چەند مەرجێك ھەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی قوتابخانە كەمیی میلاكی ھەبێت و پێویستی بە مامۆستا ھەبێت، یان لە خشتەی دانانی وانەكان كەموكوڕی ھەبێت، ئەوكات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان دەتواندرێت مامۆستای وانەبێژ وەربگرن و شوێنەكان پڕ بكەنەوە، بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت، بۆیە ھەر قوتابخانەیەك بەپێی پێویست مامۆستای وانەبێژی بۆ دابین دەكرێت.
دەشڵێ، وەرگرتنی مامۆستای وانەبێژی تەنھا بۆ وانەوتنەوەیە وەكو وانەبێژ و، جارێ ناكرێن بە گرێبەست یان ھەمیشەیی.
بڵند ئیبراھیم




