٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ لە ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP. info-   بە گوژمەی شەش ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن و قایمقامی ئاکرێش دەڵێ، پڕۆژەکان زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرێت و دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دەبێت.

مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە دوو ڕێگەوە پڕۆژەکانمان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، ژمارەیەک پرۆژە لە ڕێگەی پارێزگای دھۆکەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکان کراوە، کە بڕیارە دوای پەسەندکردنیان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە."

قایمقامی ئاکرێ گوتیشی: "دوای ئەوەی شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوو سەردانی قەزای ئاکرێی کرد ژمارەیەکی دیکەی پرۆژەکانمان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بۆ حکوومەت ناردووە کە پێویستن بۆ سنووری قەزای ئاکرێ."

لەبارەی ئەو پرۆژانەی بڕیارە بکەونە واری جێبەجێکردنەوە، مازن محەمەد ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەکان زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرێت، لە ڕێگاوبان و شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە، دوای تەواوبوونیشیان کاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای ئاکرێ دەبێت."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار