بەھۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایییەوە لە ھەولێر ڕێژەی سەوزایی دەگاتە ٢٥%
__2021_02_27_h14m47s10__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی پشتێنەی سەوزاییی ھەولێر کراوە و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت کە چەندین سوودی زۆر باشی بۆ ھەولێر ھەیە، گرنگترینیان ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر دەگاتە ٢٥% و بەرھەمی خۆمالی زیاد دەکات .
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کوردۆ شابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، پڕۆژەیەکی وەزارەتی شارەوانییە و لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر داوە، بەڵام دواتر داعش ھات و قەیرانی ئابووری پەیدا بوو، نەکرا، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەی خستووەتە ماسترپلانەکەیەوە، بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی بۆ سەر ئەو زەویانە نەکرێت و ئەو پشتێنەی سەوزایییە گرنگیی زۆری بۆ شاری ھەولێر دەبێت، گرنگترین شتی ئەوەیە سەوزاییی ھەولێر دەگاتە سەرووی ٢٥%.''
کوردۆ شابان گوتیشی: "جگە لەوەش، بەرھەمی خۆماڵی زیاد دەبێت، وەکو بەرھەمی کشتوکاڵی و ماست و پەنیر و شیرەمەنییەکان، چونکە تەنھا سەوزایی نییە و شوێنی دارستان و کشتوکاڵ و گەشتیاری و پارکی ھەیە، بۆیە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە."
شابان باسی لەوەش کرد: "پشتێنەکە بە ١٤ کم دەست پێ دەکات و پانتایەکەی ٢ کم دەبێت و کۆی پڕۆژەکە ١٦٥ کم دووجا دەبێت.''
گوتیشی: ''لە ڕووی پلان و نەزەرییەوە کاری لەسەر کراوە و لە ھەرشوێنک زیادەڕۆیی ھەبێت لادەدرێت و دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە دەکەین، بۆیە ئامادەکاری بۆ کراوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە بۆ شاری ھەولێر و سوودی زۆری لە ھەموو لایەک بۆ شاری ھەولێر دەبێت و پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژییە."
بڵند ئیبراھیم




