٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پرسی دەنگدەرانی عێراق لە دەرەوە یەکلا نەکراوەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-    سەرەڕای ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ھێشتا پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لە دەرەوە یەکلا نەکراوەتەوە و بەرپرسێکی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتییش پێی وایە، لەنێو لایەنە عێراقییەکان بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر دەنگدەرانی دەرەوە.

ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا پڕۆسەی بایۆمەتری و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنیا دەنگدەرانی نێو عێراق دەگرێتەوە و پڕۆسەکە دەنگدەرانی دەرەوەی عێراق ناگرێتەوە، چونکە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە لەلایەن سیاسییەکانی عێراق و ھەندێک لایەن پێی وایە ساختەکاریی تێدا دەکرێت."

بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدەرانی دەرەوەی عێراق پڕۆسەیەکی زەحمەتە، لەبەر ئەوەی دەنگدەرانی عێراق لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ھەن و لە زۆربەی وڵاتەکانیش ھاووڵاتییانی عێراق لە ڕووی کات و شوێنەوە کێشەیان دەبێت بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن، ئەوە جگە لەوەی خەرجییەکی زۆری پێویستە لەسەر کۆمسیۆن."

ھاوار محەمەد ڕوونی کردەوە: "بەھۆی ئەو گومانەی لەسەرە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین پڕۆسەکە دەنگدەرانی دەرەوە بگرێتەوە، چونکە گومان دەکرێت ساختەکاریی تێدا بکرێت، یانش تەنیا لە ھەندێ وڵات پڕۆسەکە بەڕێوە ببرێت کە دەنگدەری کوردی تێدا نەبێت، بێگوان ئەگەر بایۆمەتری نەکرێت دەنگدەرانی دەرەوە مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق نابێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار