٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار عادل: لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داھاتوو بودجەی ھەرێم ئامادە دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئومێدێکی زۆرمان ھەیە کە دەربارەی بودجە لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن و دانوستانەکانیش لە کەشێکی ئیجابیدا بەڕێوە دەچن و بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمیش تا ١٠ ڕۆژی دیکە ئامادە دەبێت.

جووتیار عادڵ، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە چوار تەوەر کرا؛ تەوەری یەکەم، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکوومەت باسی لە دواین پێشھاتەکانی دانوستانەکان لەبارەی بودجەوە کرد و باسی لەوە کرد شاندەکە بەردەوام دەبێت و لە ھەوڵەکانی نەوەستاوە. بابەتی دووەمیش، بودجەی ھەرێمی کوردستان بوو، ھەریەکە لە وەزیری دارایی و پلاندانان باسیان لە دوائامادەکارییەکانی بودجەی ھەرێم بۆ ئەمساڵ کرد و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و گەیشتۆتە قۆناغەکانی کۆتایی و لە نزیکترین کاتدا ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت و، پرسی سێیەم، باسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەبا کرا کە لە نزیکترین کاتدا ئەویش ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت و بابەتی چوارەم، باسی پەیڕەوی ھاوبەشیکردنی کەرتی تایبەت و گشتی کرا و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا."

جووتیار عادڵ گوتیشی: "بابەتێکی دیکە پەیوەست بوو بە دۆخی تەندروستی و تەشەنەکردنی زنجیرە نوێی کۆرۆنا و باس لەوە کرا کە پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت پابەندی ڕێنماییەکان بن و ڕێنماییەکان توندتر بکرێن بە مەبەستی پاراستنی فەرمانبەران و حکوومەت دەستپێشخەریی ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، بۆیە ئەمانە پرسی سەرەکی بوون لە کۆبوونەوە."

عادڵ ڕوونیشی کردەوە: "لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پرۆسەی پەسەندکردنی بودجە بەردەوامە و کۆمەڵێک پێشنیار و بیرۆکە خراونەتە ڕوو و ئەوەی بەپێی دەستوورە ئێمە پێیەوە ڕازی بووین، بۆیە گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر ماف و پابەندبوونەکان و ئومێدمان وایە و دڵنیاین بگەینە ڕێککەوتن و کەشی گفتوگۆکان ئیجابییە و بودجە ھی ھەموو عێراقە و تێگەیشتنمان لە دۆخی داراییی عێراق و ھەرێم ھەیە و بڕواشمان وایە بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ماف و پابەندبوونی ھەردوولا دەستنیشان بکات و ئەوەی لەسەر ئێمەیە بەپێی دەستوور جێبەجێ دەکەین و بودجە تەنھا بۆ مووچە نییە و بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەمە لە ئەولەویەتی حکوومەتی ھەرێم و شاندی حکوومەتە و نیەتمان ھەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە ڕێککەوتن."

گوتیشی: "بودجەی ھەرێمی کوردستان زۆرینەی وەزارەتەکان داتاکانی خۆیان لەبارەی خەرجی و داھاتی خۆیان ناردووە و تەنھا ھەندێک وەزارەت ماوە ئەوانیش لە ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە بودجە ئامادە دەبێت و بەپێی داھات بودجە ئامادە دەکرێت و حکوومەت بۆ پرسی شەفافیەت و چاکسازی دەیەوێت بودجەی هەبێت."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار