٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: بە ناوی چەکداری داعشەوە تەقە لە کوردانی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی بەجێی بێڵن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- چەند ڕۆژێکە ھەڵمەتی تێکدانی ژمارەیەک گەڕەک و بازاڕی کورد لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و بەرپرسێکی کەرکووکیش دەڵێت، عەرەبی شۆڤێنی بە ناوی چەکداریی داعشەوە تەقە لە ھاووڵاتییانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن.

دیاری حسێن، جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی تەعریب و زۆریھێنان بۆ سەر ھاووڵاتییانی کوردی کەرکووک چڕ کراوەتەوە و ھەر ڕۆژە و لەژێر ناوێک و بە بڕیارێک بازاڕ و گەڕەکەکانی کورد لە شاری کەرکووک تێک دەدرێن و کەسیش نییە بەرگری لە ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بکات، ئەو ھەموو تەعریب و زۆڵمەی لە کوردانی کەرکووک دەکرێت بە پیلان و بڕیاری پێشوەختە کاری بۆ دەکرێت."

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "دەرکردنی کورد لەنێو شاری کەرکووک پەڕیوەتەوە بۆ گوندەکانیش ئێستا دەیانەوێ کوردانی کاکەیی لەسەر گوندەکانیان دەر بکرێن، ھەندێک جار بە ناوی چەکداری داعشەوە عەرەبی شۆڤێنی تەقە لە ھاووڵاتییانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن بۆ ئەوان."

دیاری حوسێن جەختی کردەوە: "چەند ڕۆژێکە ھەڵمەتێک بۆ تێکدانی ژمارەیەک بازاڕ و گەڕەکی کورد لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت بە قۆناغ کورد بسڕنەوە لە شارەکەیان، ئەگەر پێشی لێ نەگیرێت مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر کوردانی کەرکووک ھەیە و لە داھاتوودا بە جێبەجێکردنی پیلانەکانیان کورد بێ جێگە و ڕێگە دەمێنێتەوە لە کەرکووک."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار