٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان داوا دەكات پرۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لیژنەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە ھەموو سێكتەرەكان پێك هێناون و دەستبەكار بوون. دەشڵێ: "ئێمەش وەكو لیژنەی خۆمان، بانگھێشتی  لیژنەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كارەكانیان بە كوێ گەیشتووە".

سەعید ھەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێنج لیژنەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێك ھێناون، كە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی ئەنجام بدەن و لیژنەكانیش كاری خۆیان دەكەن، هەروەها ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كاری لیژنەكان بە چ قۆناغێك گەیشتووە و ئاگاداری ھەنگاوەكانی ئەوان بین، بۆیە بانگھێشتی پەرلەمانمان كردوون و چاوەڕێ دەكەین بێنە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی كارەكانیانەوە بدەنە ئێمە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "داوا دەكەین پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت و پەلە بكەن لە كارەكانیان، بۆ ئەوەی تەواوی بكەن، چونكە ئێمە ھەست دەكەین كارەكان ھەندێك بە سستی بەڕێوە دەچن، ھەر بۆیە وەكو پەرلەمان بڕیارمان داوە بانگھێشتی پەرلەمانیان بكەین".

ھەركی باسی لەوەش كرد: "بڕیاری بانگھێشتكردنیان دراوە و تەنھا ماوە رۆژێك دیاری بكەن و بێنە پەرلەمان، چونكە ئێمە پێویستمان بە ڕوونكردنەوە ھەیە و وەكو پەرلەمانیش چاودێریی كارەكانی حكوومەت دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار