بە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆناوە، رێكارەكان توندتر دەكەین

ھەولێر-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر رایگەیاند، بە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێكارەكان توندتر دەكرێن و، ھەر كەسێكیش پابەندی رێنماییەكان نەبێت، سزا دەدرێت. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، زۆرینەی حاڵەتە تۆماركراوەكان، كۆرۆنای نوێن، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە، پابەندبوونە بە رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی.
نەبەز عەبدولحەمید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە گرتنەبەری رێكارەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا و ھەر بڕیارێكیش دەربكرێت، جێبەجێی دەكەین، بەڵام بە ھۆی ھاتنی كۆرۆنای نوێوە، لەمەودوا رێكارەكان توندتر دەكرێن، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان كەمی كردبوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا ژمارەیان زیاتر بووە".
عەبدولحەمید گوتیشی: "بە ھۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەی نەخۆشانی كۆرۆنا كەم ببووەوە، ساردبوونەوەیەك لای خەڵك دروست ببوو، بەڵام پێویستە بە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەكان، خەڵك زیاتر پابەند بن و ھاوكاریی تیمەكانی ئێمە بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین، چونكە تیمەكانی شارەوانی و تەندروستی و قایمقامیەت، بەردەوام لە كاردان و ئەوەی پابەندی رێنماییەكان نەبێت، سزا دەدرێت".
لای خۆشیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا زۆرینەی حاڵەتە تۆماركراوەكان، كۆرۆنای نوێن و پێویستە رێكارەكان بگرینە بەر و ھەمان خۆپارێزیی كۆرۆنای پێشترە، كە پێویستە ئەو بڕیارانەی دراون، جێبەجێ بكرێن تا ھەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت".
حەوێزی دەشڵێ، پێویستە قوتابیانیش زیاتر خۆیان بپارێزن و باشترین چارەسەریش بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، پابەندبوون بە رێنماییەكان و خۆپارێزییە.
بڵند ئیبراھیم




