ئومێد خۆشناو وەك پارێزگاری هەولێر دەستبەكار بوو

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئومێد خۆشناو وەك پارێزگاری نوێی شارەكە دەستبەكار بوو.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا و بە مەبەستی دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر ئامادە بوون، تا ئومێد خۆشناو كە وەك پارێزگاری شارەكە دیاری كراوە، دەستبەكار بێت، پیرۆزباییشی لێ كرد، كە كوڕە پێشمەرگە و كوڕە شەهیدێك دەستنیشان كراوە ببێتە پارێزگاری هەولێر و، درێژەپێدەری چاكسازی و بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەوپەڕی بەڵێن و هاوكاری بە پارێزگار دەدەن، تا خزمەتگوزاری و ئاسایش و ئارامیی زیاتر بۆ سنووری پارێزگاكە دابین بكات، هاوكات جێپەنجەی دیار بێت تا خەڵكی هەولێر سوودمەند بن لێی، گوتیشی: "ئومێد خۆشناو كادیرێكی بەتوانا و جەماوەرییە و نموونەی دوو جار دەنگهێنانی بۆ پەرلەمان بەڵگەیە لەسەری".
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری نوێی هەولێر، وێڕای پشتیوانیكردن لە گوتەكانی وەزیری ناوخۆ، دڵنیایی بە خەڵكی هەولێر دا، كە لە لایەن جەنابی سەرۆك و پارتییەوە كاندید كراوە بۆ ئەو پۆستە، مەبەست لێی خزمەتكردنی سەرجەم خەڵكی سنووری پارێزگای هەولێرە بێ جیاوازی.
جەختیشی لەوە كردەوە، كە بە كردار دەیانەوێت هیچ دیوارێك لە نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوەكان نەهێڵن، تا ئەوەش ببێتە هۆی خۆشەویستیی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوە حكوومییەكان، هاوكات هەوڵیش دەدەن نموونەیەك بن، كە بە راستگۆیی و دەستپاكی لەسەر كارنامەی كابینەی نۆیەم كار بكەن.
ئەوەشی گوت، كە پارێزگاری شارێك ئەركێكی قورسە، بەڵام ئەو پشتیوانییەی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری ناوخۆ و وەزیرە جیاوازەكان لێی دەكەن، هۆكار دەبن كە سەركەوتوو بن و سۆزیشی بە جەنابی سەرۆك داوە، كە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت.
رێككەوتی ٨ی٢ی٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانی بە ١٨ دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، وەك پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرێت.
خێڵان بەختیار




