٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی وەبەرھێنان: بەرھەمه‌ پێویسته‌كان لە ناوخۆ بەرھەم ده‌هێنین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دەستمان بە رووپێوێک کردووە بۆ ئەوەی ھەر بەرھەمێک لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت و لە ناوخۆ پێویستمان پێی ھەیە، لەجیاتی ھاوردەکردن لە دەرەوە، لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی بێنین، بۆ ئەوەی پێویستمان بە دەرەوە نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستمان بە کار کردووە".

موخلیس سەلیم موراد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەستمان بە رووپێوێک کردووە بۆ ئەو بەرهەمانەی کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن، بۆ ئەوەی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمیان بێنین، کە بەشێکمان کردووە و بەشێکیشی ماوە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکەین".

موراد گوتیشی: "دەمانەوێت بزانین بەرھەمی ناوخۆ چەندە و لە دەرەوە چەندی ھاوردە دەکرێت و پێداویستیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش چەندە، بۆ ئەوەی بزانین ساڵانە چەند بەرھەم ھاوردە دەکرێت، ئەوەندە بەرھەمە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەم بێنین".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "دەمانەوێت وەبەرھێنەران ھان بدەین بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمانەی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کەمن، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە و لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی بێنن".

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، ئەو کارگانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ناتوانن پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، وابکەن پێداویستیی ناوخۆ بە تەواوی پڕ بکەنەوە، بۆیە ھەموو ھەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە بتوانین خۆمان ئەو بەرھەمانەی پێویستمان پێ ھەیە، لەجیاتی ئەوەی لە دەرەوە ھاوردەیان بکەین، لە ناوخۆ بەرھەمیان بێنین".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار