وەزارەتی کشتوکاڵ: داوای بەڵگە لە عێراق دهكات

هەولێر-KDP.info- چەند رۆژێکە حکوومەتی عێراق رێگە نادات بەرھەمی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستانەوە بچێتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستانیش، رەتی کردەوە کە هیچ کێشەیەک لە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان تەنیا چەند بەرھەمێکی زستانەی ھەیە و بەرھەمەکەی ھەرێمی کوردستانیش ھیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ھەندێ بەرھەمی کشتوکاڵ ھەیە لەوانەیە لەلایەن بەغداوە قەدەغە کرابێت و لە ھەرێمی کوردستان ھێشتا قەدەغە نەکرابێت".
محەمەد ئەلخەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، نەخۆشییەکی کوشندە سەری ھەڵداوە و سەرچاوەکەشی لە ھەرێمی کوردستانەوەیە بە ھۆی ناردنی مریشکی ماوەبەسەرچوو.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "قسەکانی وەزیری کشتوکاڵی عێراق رەت دەکەینەوە، ئەگەر بەڵگەیەکیش ھەیە لەلایەن عێراقەوە، داوا دەکەین بەڵگە بە ئێمە بدەن".
حەمەکەریم روونیشی کردەوە: "لە ھەرێمی کوردستان ١٠ سەربڕخانەی مریشک ھەیە و ھەموویان بەپێی رێنمایی و یاسا کار دەکەن و پلانمان ھەیە سپیکەر و بارکۆد لەسەر بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر ھات و بەرھەمی دیکە ھەبێت بە ناوی بەرھەمی ناوخۆوە، بازرگانیی پێوە نەکرێت و ساختە نەکرێت".
قائید میرۆ




