٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامى جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ یادى دامەزراندنى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  (٦٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لە بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندن و تێکڕای ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و قوتابیانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەم. هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، وێڕای بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان بە گەل و نیشتمان، لانکەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ئەرکی گرنگی نیشتمانی و پیشەیی لە ئەستۆیە، بەتایبەتیش لە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کەسایەتیی سەنگینی پشتبەخۆبەستوو و کادیری دڵسۆز و کارمەندی لێهاتوو، هەروەها لە هاندان و پشتیوانیکردنی بەهرە و لێهاتوویی و توانای داهێنان لەنێو قوتابیانی کوردستاندا و دەکرێت ڕۆڵى هەبێت لە داڕشتن و گەشەپێدانی سیستمی خوێندن و پەروەردە و پێشکەوتنی کایەی زانستیدا.

گرنگە هەنگاوەکانى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خێراتر و بەهێزتر بن هاوشانی پێشکەوتنی خێرا و گەورەی سەردەم لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا و ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و گیانی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستیدا، هاندەر بێت بۆ یەکڕیزى و تەبایى لەنێو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى کوردستاندا.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
١٨/٢/٢٠٢١

 

هەواڵی پەیوەندیدار