"حەشدی شەعبی سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچە کوردستانییەکانە"

هەولێر-KDP.info- چەند ڕۆژێکە ھێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نزیک سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیادی کردووە و چاودێرانیش پێیان وایە تا گرووپەکانی حەشد لە نزیک ھەرێمی کوردستان بن، دەبنە سەرچاوەی کێشە و دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ھاوشێوەی مووشەکبارانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر.
بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژێکە ھێزێکی زۆری سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کۆ کراونەتەوە، بەتایبەتی بە ئاراستەی ھەردوو شارۆچکەی دوبز و مەخموور، بەتایبەتی لە دەروازەی بازاڕگەی چوونە نێو مەخموور چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبی کێشە بۆ ھاووڵاتیانی کورد دەنێنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئاخۆ مەترسیی ئەوەندە لەسەر مەخموور ھەیە تا ھێزی حەشد جووڵە بکات بۆ مەخموور، ڕزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نزیکەی دوو مانگ زیاترە داعش ھیچ جووڵەیەکی لە نزیک قەزای مەخموور نەبووە و تەنیا لە ناوچەکانی شارەدێی قەراج و چیای قەرەچۆغ چەکدارانی داعش ھەن."
نزار سوورچی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "تێبینیەکی زۆر لای خەڵکی کوردستان پەیدا بووە بەوەی ئەگەر بێت و ھێزی پێشمەرگە لە سنوورەکانی ناوچە کوردستانییەکان جێگر بوونایە ئەوە کاتیۆشای حەشد نەدەگەیشتنە ھەولێر، واتە نزیکی ھەندێ گرووپی حەشدی شیعی لە سنوورەکانی نزیک ھەرێمی کوردستان بەردەوام سەرچاوەی ئاڵۆزین، ئەنجامدانی ھەردوو ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر پەیوەندیی بەو ھێزانەوە هەیە کە ئێستا لەو سنوورانە جێگیر کراون."
خالیدە خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە ھێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و پەکەکە و ھەموو ھێزەکانی دیکەی ھاوشێوەیان لە ناوچە کوردستانییەکان بکشێنەوە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال باشترین چارەسەرە بۆ کۆتاییھێنان بەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا ھەن، پێم وایە تا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت ڕەوشی شنگال ئاسایی نابێتەوە، پێویستە ڕێککەوتنی ھاوشێوەی شنگالیش بۆ ھەموو ناوچەکانی دیکەی وەک کەرکووک و خانەقین و مەخموور بکرێت."
قائید میرۆ




