٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم دوو ھەفتەیەدا پڕۆژەی نەھێشتنی گەندەڵی دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەكیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، كە ھاوشێوەی پڕۆژەی چاكسازی، كار بۆ نەھێشتنی گەندەڵیش بكرێت، كە پڕۆژەیەكی گرنگە و لە ھەموو سێكتەر و جومگەكاندا كار دەكرێت، ئێستاش لە ئەنجومەنی وەزیران رێكارەكانی تەواو بووە و لەم دوو ھەفتەیەدا پەسەند دەكرێت و دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەیەكمان بۆ نەھێشتنی گەندەڵی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی یاسایی تەواوی كردووە و دەدرێتە وەزیرەكان، تا تێبینیی خۆیانی لەسەر بنووسن و لەم دوو ھەفتەیەشدا دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیران و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت، كە دواتر دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بەرچاومان ڕوون دەبێت، كە چۆن كار بكەین و لە ھەمو سێكتەر و جومگەكانیش لە ھەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت، كە گەندەڵی بنبڕ بكرێت و نەھێڵدرێت، ئەو پڕۆژەیەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت و گرنگیی زۆری ھەیە بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و دەبێتە نەخشەڕێگایەك لەسەر ئاستی ھەموو فەرمانگەیەك، كە چی بكەین و خاڵە لاوازەكان چین و لە كوێ پێویستمان بە چاكسازی و نەھێشتنی گەندەڵی ھەیە".

ئەنوەر دەشڵێ: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پشتگیرییەكی تەواومان دەكات و ھاوكار دەبێت و خۆیان پڕۆژەكە پەسەند دەكەن، هەروەها لیژنەی باڵای بۆ دروست دەكرێت ھاوشێوەی لیژنەی باڵای چاكسازی و، پڕۆژەكەش ھاوشێوە دەبێت و كاتێك پەسەند كرا، ئەوكات لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دانیشتن دەكەین  كە چۆن كاری لەسەر بكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار