٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیوەیلی: بینیمان چۆن وڵاتان پشتگیریی خۆیان بۆ ھەرێمی كوردستان دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دەربڕینی ناڕەزایەتی و پشتگیریكردنی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر رووداوی ئەم دواییەی ھەولێر، ئەوە نیشان دەدات كە ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی چەند بەھێزە، چونكە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەستپێكی كۆبوونەوەیان بە باسكردن لە رووداوەكەی ھەولێر بووە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش خۆی داوای لە كازمی كردووە لێكۆڵینەوە بكەن.

هۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو هێرشە مووشەكییەی كرایە سەر ھەولێر بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی كوردستان تێك بدەن، ھەمووی بووە ھۆی ئەوەی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو كردەوە تیرۆریستییە بێتە كایەوە و پشتگیری لە ھەرێمی كوردستان بكەن و دژی ئەوانە بن، كە كاری تیرۆریستییان ئەنجام داوە، بۆیە ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەكی بەھێزی ھەیە و ھاوكارییەكی باشی وڵاتانی ھەیە و وڵاتانیش دەیانەوێت ھەرێمی كوردستان بەھێز بێت.

سیوەیلی گوتیشی: "بینیمان چۆن وڵاتان پشتگیریی خۆیان بۆ ھەرێمی كوردستان دەربڕی، ئەمەش بەھێزیی پێگەی ھەرێمی كوردستان نیشان دەدات، لەوانە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ناڕەزایەتیی دەربڕی و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە راپۆرتی دەوریی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەوە دەستی پێكرد، كە ئەو كارەی بەرامبەر ھەولێر كرا، كردەیەكی تیرۆریستییە و ناڕەزایەتیی دەربڕی و پشتگیریی ھەرێمی كرد، هەروەها باسی لەوە كرد كە باشترین كار ئەوەیە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ رێگریكردن لەو كردەوانە و، لە ھەمان كاتدا پێنج وڵاتی گەورەی جیھان، ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا و ئەڵمانیا، لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشدا ناڕەزایەتیی خۆیان دەربری و داوایان كرد لێكۆڵینەوەی عادیلانە بكرێت و ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە، بدرێنە دادگا، بۆیە پێگەی ھەرێم بەھێزە و فشارێكیشە بۆ سەر عێراق كە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن".

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسی لەوەش كرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش پەیوەندی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و بەو ئاراستەیە ھانی داوە لێكۆڵینەوەیەكی عادیلانە ئەنجام بدات بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی ئەو كارەیان ئەنجام داوە، بۆیە ئەوانەی بیانەوێت ئەمنیەتی ھەرێم تێك بدەن، هەرگیز ناتوانن، چونكە ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە بەھێزە و، ھەر زوو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمیش پەیوەندی بە ھەموو نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێم كرد و دڵنیای كردنەوە، كە دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵدایە و مەترسی نییە، بۆیە ئەوانیش متمانەی زۆریان بە ھەرێمی كوردستان ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار