٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (٦٨) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان..

لە (٦٨)ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و كادیر و ئەندامانی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان و سەرجەم لاوانی كوردستان دەكەین، ئاواتەخوازین وەك بارزانیی نەمر فەرموویەتی: لاوان شوورەی پۆڵایینن، بۆ لەمەودواش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كاروبار و چالاكییەكانتان رابپەڕێنن و رۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆتان ببینن و، لە هەوڵ و كۆششەكانتان سەركەوتوو بن و دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی لاوان و كۆمەڵگەكەمان بەدەست بێنن. 

یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، رێكخراوێكی دێرین و گرنگی كۆمەڵگەكەمانە، رۆڵی كاریگەری ھەبووە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و لە ئێستاشدا بە ھەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانە بەردەوامە لە كۆكردنەوە و پەرەپێدانی هێز و تواناكانی سەرجەم لاوان و رەخساندنی زەوینە و پانتایی كار و چالاكییەكانیان و پشتیوانیكردنی خواست و ویست و بەهرەكانیان و پێگەیاندنی سەركردەو كادیر و كەسایەتی لێهاتوو بۆ خزمەتكردنی وڵات و گەلەكەمان، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە بۆ خزمەتكردنی خواست و ویست و ئامانجە رەواكانی لاوان.

لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، ئەركی سەرشانی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بە گشتی و توێژی لاوانە بە تایبەتی، كە بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتمانپەروەرانەوە لە هەوڵ و كۆششەكانتان بەردەوام بن بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەمان.

جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ئێوە و یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ بن و بەرەوپێش بچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانی لاوانی ئازیزی كوردستان.

لە ١٨ـی شوباتدا، سڵاو لە (٦٨) ساڵ خەباتی نەپساوە و، (٦٨) ساڵ تەمەنی پڕ شكۆ و بەخششی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان..

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

١٨ـی شوباتی ٢٠٢١

هەواڵی پەیوەندیدار