مەكتەبی سیاسی، ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا یادی (٦٨) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان پیرۆز دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان..
ئەمڕۆ، رۆژی قوتابیانی كوردستان و (٦٨)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانە، لەو رۆژەدا یادی رێكخراوێكی كۆڵنەدەر و بەرهەمهێن دەكەینەوە، ئەو رێكخراوە پیشەییەی، كە قوتابیان و سەرجەم چین و توێژەكانی گەلەكەمان شانازی بە خەبات و دەسكەوتەكانی دەكەن.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە قوتابخانەی كوردایەتی و پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر سەرچاوەی گرتووە، لە ماوەی تەمەنی پڕ شانازیی كاركردنیدا توانیویەتی بە بەرنامە و پلانی رێكوپێك بە درێژایی قۆناغەكانی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان رۆڵی شیاو و گرنگی خۆی بگێڕێ و بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانە و رۆشن بۆ خۆی و سەرجەم توێژی قوتابیان تۆمار بكات.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، لە روانگەی پەیام و چالاكییەكانیدا سەنگەرێكی دیكەی رەوا و گرنگی رۆڵە خوێنگەرمەكانی گەلەكەمانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان، لەو پێناوەشدا دەیەها سەركردەوكادیری لێوەشاوە و دڵسۆزی پێگەیاندووە.
ئەمڕۆش لەو هەلومەرجەی هەرێمی كوردستاندا، رۆڵ و سەنگی ئێوەی قوتابیان شانبەشانی تێكڕای چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگەكەمان زۆر گرنگ و كاریگەرە بۆ داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان و بەرەوپێشبردنی ئەو ئەزموونە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەك هەوڵ و كۆششمان یەك بخەین بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەكی رۆشنتر.
بەو بۆنەیەوە، جارێكی دیكە وێڕای پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ پلان و كار و بەرنامەكانتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم كادیر و ئەندامانی رێكخراوەكەتان و تێكڕای قوتابیانی كوردستان دەكەین، هیوادارین هەموو كات لە كار و چالاكی و هەوڵ و كۆششەكانتان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە بەردەوام بن و سەركەوتنی زیاتر بۆ توێژی قوتابیان بەدەست بێنن.
سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازیی یەكێتییەكەتان و مافە رەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..
سڵاو لە (٦٨)ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بەردەوامی یەكێـتیی قوتابیانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی شوباتی ٢٠٢١




