سکرتێری یهكێتیی لاوان و قوتابیان ٦٨مین ساڵیادی ڕێکخراوەکەیان پیرۆز دەکەن
__2021_02_17_h20m30s47__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ٦٨ ساڵ لەمەوبەر لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی نەمر ھەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان دامەزرێندران، دامەزراندنی ئەو دوو ڕێکخراوەش وەکو پێویستییەک کە قوتابیان و لاوانی کوردستان ھەست بکەن ڕێکخراوێک ھەیە لە کوردستان بەرگری لە ماف و داخوازییەکانیان دەکات و گرینگی بە ئاستی زانست و ھۆشیاریی نەتەوەیی و خەباتی گەلی کوردستان دەدات.
لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە کەرکووک بەسترا، لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی نەمر، لە ١٨ی ٢دا ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندران.
بهم بۆنهیهشهوه، سکرتێری ھەردوو ڕێکخراوەکە، ئەم یادە لە ئەندامانی سکرتاریەت و کادیران و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی کوردستان پیرۆز دەکەن.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ٦٨ ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوهكهمان بەڵێن بە سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەدەین کە وەک ھەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانیان بین و نوێنەری ویست و داخوازیەکانیان بین، ھەروەھا بەڵێن بە جەنابی سەرۆک و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەدەین کە ھەمیشە یەکێتیی قوتابیان قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیر و سەرکردەی لێھاتوو بێت بۆ سەرجەم بوار و کایەکانی حوکمڕانیی کوردستان.
نێچیرڤان کەلاری ڕایشیگەیاند، یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پێشەنگبوونی خۆی بەوە پاراستووە کە ھەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاریی قۆناغەکاندا بەرەوپێش چووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ھەرکاتێک قوتابییەک پێویستییەک، یاخود کێشەیەکی ھەبووبێت بەھەر میکانیزمێک بووبێـت داکۆکیمان لە مافەکانیان کردووە، لەم ساڵیادەشدا، کەلاری جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گرینگترین خاڵ لای وان پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابیانە، بۆیە تکا لە قوتابیان دەکات خۆیان بپارێزن و دوور نەکەونەوە لە وانەکانی خوێندنیان.
ناوبراو ڕایشیگەیاند، لەپێناو سەلامەتی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاھەنگ و گردبوونەوەیەکی جەماوەری ڕێک ناخرێت، تەنھا چەند ھەڵمەتێکی مرۆیی ئەنجام دەدرێت، لەوانەش ھەڵمەتی خوێنبەخشین بۆ تووشبووانی تالاسیما، ھەروەھا ھەڵمەتێکی ژینگەیی پاککردنەوە بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەرێوە دەچێت.
سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانیش سەرەتای قسەکانی بە لەدەستدانی چەند کەسایەتی و سەرکردەیەک دەست پێ کرد، کە وەک خۆی دەڵێت، ڕاسته ١٨ی شوبات دامەزراندنی ھەردوو ڕێکخراوە، بەڵام بهداخهوه لە مانگی شوباتدا چەندان سەرکردەمان لەدەست داوە، لەوانەش، شەھید ''سامی عەبدولڕەحمان، سەعد عەبدوڵڵا و فەرەنسۆ ھەریری)، لەم ڕۆژانەشدا خەباتکارێک و ھاوسەفەرێکی جەنابی سەرۆک بارزانیمان لەدەست دا، ئەویش، د. ڕۆژ نووری شاوەیس بوو.
مەیسەر عوبێد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی گوت: ''ئەمساڵ ھیچ جۆرە ڕێوڕەسم و ئاھەنگێک بەرێوە ناچێت، بەڵام ماوەی ھەفتەیەکە لە گشت شارەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەوانە وەرزشی و ڕۆشنبیری و ھونەری دەستی پێ کردووە، ھاوکات ھەڵمەتێکی خوێنبەخشین بۆ تواشبووانی تالاسیما ئەنجام دەدەین کە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی لاوان دەچنە ھەڵمەتی خوێنبەخشین، ھەروەھا خەریکی پانۆرامایەکی نیشتمانین کە چۆن گەنجان و لاوان ڕێز لە ئاڵا و پیرۆزییەکانی خۆیان بگرن.
لە ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی کوردستان دەستنیشان کردووە.
ھەڵکەوت محەمەد




