٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرێوەبەری گشتی باج: دەست بە جێبەجێکردنی رێنمایی پێدانی باج کراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری گشتی باج لە ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو رێنماییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باجدان دەری کردوون، دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و بەشێکیشیان جێبەجێ کراون و ئەوانەی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت.

دکتۆر کەمال وەرتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو رێنماییانەی بۆ دانی باج لە ھەرێمی کوردستان دەرچوون، بەردەوام سەرقاڵی جێبەجێکردنیانین، کە بەشێک لەوانە جێبەجێ کراون و بەشێکی لە قۆناغی دیراسەکردندان و هەروەها بەشێکیشیان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بۆیە کاری بۆ کراوە و ھەمووشی جێبەجێ دەکرێت، وەکو ئەوەی کارمەندانی کەرتی نەوت و کۆمپانیاکانی سیکوریتیی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە پێویستە باج بدەن و خواردنگە و هۆتێلەکانیش رێنماییان بۆ دەرچووە، کە ئەوانە جێبەجێ کراون و ئەوەی شیش و چیمەنتۆ رێنماییەکان ئامادە کراون و ئەوانیش دەردەکرێن، هەروەها ئەوەی بەرھەمە نەوتییەکان کە ھاوردە دەکرێن، ئەوانیش کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ باجدان، بۆیە کار لەسەر ھەمووی کراوە و ھەر یەکە و بە جۆرێک و بەردەوام دەبن تا ھەمووی جێبەجێ دەکرێت.

وەرتی گوتیشی، جگە لەوەش، ھەموو رێکار و میکانیزمێک دادەنێن بۆ ئەوەی ھیچ کەس و کۆمپانیا و شوێنێک نەتوانێ وەکو پێشووتر خۆی لە باجدان بدزێتەوە و پێویستە ھەمووان بەپێی رێنماییەکان باج بدەن و لێخۆشبوون لەھیچ کەسێک ناکرێت، کە ئەمە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، رێنماییەکان ھەندێک کورتخایەنە و بەشێکیشی درێژخایەنە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکانی دیار دەبێت، کە داھاتێکی باش بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە و بەو ھەنگاوانەی نراویشن، پارە بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە، بەڵام تا تەواو نەبێت گوژمەکەی دیار نییە چەند پارە بۆ خەزینەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، وەلێ گومان لەوەدا نییە کە داھاتێکی باش دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار