ئەمەریکا: تووڕە و نیگەرانین لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان

ههولێر-KDP.info- ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، راگەیەندراوێکی لەبارەی ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و نیگەرانی تووندی خۆی نیشان دەدات.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، ئێمە تووڕە و نیگەرانین لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە عێراق. زانیارییەکان پێمان دەڵێن بەڵێندەرێک کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربووە، ئەندامێکی هێزەکانی ئەمەریکا برینداربووە.
بلینکن دەڵێت، هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری ئەو بەڵێندەرەی گیانی لەدەستداوە و هەموو ئەوانەی قوربانیان داوە دەردەبڕین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لە پەیوەندی خۆی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانییەوە کرد تاوەکو باس لە رووداوەکە بکەین. هەروەها پشتگیریی خۆمان بۆ بەدواداچوون و سزادانی ئەوانەی بەو کارە هەستاون دەربڕی.
کاتژمێر نۆ و 30 خولەکی دوێنێ شەو، چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کران، بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی برینداربوون و بەڵێندەرێکیش کە کاری بۆ هێزەکانی ئەمەریکا دەکرد گیانی لەدەستدا. گروپێک بە ناوی ''سەرایا ئەولیا ئەلدەم'' بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و لە راگەیەندراوێک دەڵێن، ئامانجیان ''ئەمەریکییە داگیرکەرەکانە''.




