لە یادی 65 ساڵەی پەڕینەوی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس بۆ خاكی سۆڤیەت

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
هەڤاڵی بارزانیی نەمر مەلا برایم بابەكرهەسنكی:
"لەو سەفەرە دووردرێژە رێگای مان و نەمان بوو، بارزانیی نەمر وەك ئێمە بوو و هەتا هەموو كاتێك لە ناومان بوو، ئەگەر نانێك هەبوو پێكهەوە دەمانخوارد"
یەكێك لەو داستانە مێژووییانەی كە بووەتە ئەزمونێكی كەم هاوتاو هەمیشە میللەتی كورد شانازی پێوە دەكات داستانی پەڕینەوەی رابەری كورد (بارزانیی نەمر) و هەڤاڵانێتی لە روباری ئاراس. ئەو داستانەی چەندین ماناو بەهاو رەهەندی نەتەوەیی و سەربازایی و سیاسی تیا بەرجەستەیەو، بە گشتی گوزارشتە بۆ ئازایەتی و ئیرادەی نەبەزیوی نەتەوەیەك كە لە پێناو مانەوەو سووربوون لەسەر مافی ئازاد ژیان هەرگیز كۆڵی نەداوە. لەو ڕێڕەو و داستانەدا كورد و پەیام هەڵگرانی ئازادیخوازی ئەم میللەتە سەلماندیان هیچ كاتێك دوژمن ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت و توانییان بەو رێگا سەخت و پڕ لە پیلان و پەلاماری دوژمناندا سەركەوتنێكی مەزن بۆ كوردستان تۆماربكەن. لە یادی 65 ساڵەی پەڕینەوی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس بۆ خاكی سۆڤیەتدا بە پێویستمانزانی لەگەڵ (مەلا برایم بابەكرهەسنكی ) تەمەنی 85 ساڵان، پێشمەرگەی قارەمان شاهیدحاڵ و بەشداری بووی شۆڕشی دووەمی بارزان و یەكێك لە بەرگریكارانی كۆماری كوردستان لە مەهابادو ڕێڕەوە مێژووییەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە فەرماندەیی پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر بووە، و هەڵگری مەداڵیای بارزانیی نەمر، یادێكی ئەو رووداوەو داستانە گەورەیە بكەینەوە..
لە سەرەتا بۆ ئەو یادە مێژووییەكە و پەڕینەوە لە رووباری ئاراس مام (مەلابرایم) گوتی:
سوپاس بۆ ئێوە، هەرچەندە كە پێشتر ئێوە لە دیمانەیەكی رۆژنامەی خەبات لە گەڵ هەردوو هەڤاڵی بارزانیی نەمر تەیمەز سێلكی و كازم شانەدەری كە بە 3 بەش دابەزی، هەتا باسی ئەو رێگا سەختەیان بۆ كردی، بەحەقیقەت ئەو رێگای مان و نەمان بوو، هەرچەندە پێشتر بارزانیی نەمر ئەم رێگای سەختە و نەخۆشە هەمووی پێش سەفەرەكە بۆمان باس كردبوو كە تووشی چەند كێشە و كەمینەی دوژمن و برسیەتی و سەختی و ماندوویەتی و تینیویەتی دەبێن، كە هەر ئاواش بوو رێگامان دیارنەبوو، ئەوی زۆر سەرنجی منی رادەكێشا لەو سەفەرە دووردرێژە ئەوە بوو كە بارزانیی نەمر وەك ئێمە بوو و هەتا هەموو كاتێك لە ناومان بوو، ئەگەر نانێك هەبوو پێكهەوە دەمانخوارد،،دوای ئەو هەموو سەختیە و ناخۆشیە و كەمینی دوژمنان و برسیەتی لە رێگا لەشكر كە راوەستانمان نەبوو و تا لە 15/6/1947 گەیشتینە رووباری ئاراس.
لێمان پرسی رووباری ئاراس چوون بوو، لەوەڵامی دا (مەلابرایم هەسنكی)گوتی:
ئەو رووبارە لە نێوان سنوری ئێران و روسیا(یەكێتی سۆڤیەت) بوو، كە گەیشینە وێ بارزانیی نەمر میرحاج ئاكرەیی بە نوێنەرایەتی خۆی ناردە ئەوبەری تاكو گەڵ بەرپرسەكانی رووسیا كۆبێتەوە و داوا بكات كە ئێمەبە پەناهەندە وەربگرن، هەرچەندە سەرەتا ئێمەیان وەرنەگرت، ئەوان بەرپرسانە وەڵامیان هێنابوو كە دەبی بارزانیی نەمر بە خۆی بێت و كۆبوونەوەیان لە گەڵیان بكات، هەرچەندە بارزانیی نەمر ئەو داوایەی قبول نەكرد، چونكە ئێمە هەموومان ئەوهەستەمان دەكرد ئەگەر بارزانیی نەمر بڕوات كەسی تر ئێمە وەرناگیرێن و رێگایە نادەن كە بارزانیی نەمر وەك جاران بێتەوە ناومان. بەم جۆرە بەرەو دوا كێشاینەوە بۆ كۆنە گوندیكی كە نزیك سنوور بوو و كەس لەو گوندە نەمابوو، سێ شەو رۆژ ماینەوە بە بێ ئەوەی هیچ بیخۆێن و هەتا هیچ شتێكمان بە دەست نەكەوت، هێزەكانی دوژمنیش نزیك دەبوونەوە شەو رۆژ چاوەڕوانی وەڵام دانەوەی سۆڤیەت بووین رازی بن بچینە ناو خاكیان هەر دەیانگوت ئەمڕۆ یان سبەی، میرحاج بۆسێیەم جار بوو بۆ وەرگرتنی پەنابەری لە دەوڵەتی سۆڤیەت رۆیشتبوو و دوای گەڕانەوە هەواڵی وەرگرتنی بە بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی راگەیاند و گوتی كە ئەم هەواڵە لە خۆدی ستالین وە لە مۆسكۆ دراوە، هەروەها گوتی: بە پێی پێداویستیەكانی پێویست بۆ پەڕینەووە لە رووباری ئاراس دەبی خۆمان دەرباز بكەین، چونكە لە لای ئەوان هیچ پێداویستییەك ئامادە نەكراوە و سێیەم رۆژە هەواڵی پەڕینەوەمان پێگەیشت، هەر ئەو رۆژە بڕیار درا كە هەریەك لە هەڤاڵان چەند داری گەورە لە گەڵ خۆیان بەرن و بە یانی 18/6/1947 چووینە سەر رووباری ئاراس، دەنگی دەبابەكانیش نزیك دەبوویەوە، بارزانیی نەمر فەرمانی دا كە 100 پێشمەرگە بڕۆن و سەری ئەو گردانە بگرن تاكو لەشكر دەپەڕیتەوە، هەرچەندە هەڤاڵێكمان بەناوی سەلیم خان مەرعان بێدۆدی خەونی بە رووبارەكە بینی بوو كە بە پێێان لەو رووبارە دەرباز دەبووم، دوایش خەوەنەكەشی بۆ بارزانیی نەمر گێرابۆوە، كە بەراستی ئەو هەڤاڵەی لە مەڵەوانی زۆر شارەرەزا بوو، دوای بارزانیی نەمر فەرموو هەریەك لە ئێوە دەبی دەستی یەكتر بگرن لەگەڵ ئەو هەڤاڵەی لە خەونەكەی دیتبوو لە پێش كەوتوو و ئێمەی هەڤاڵان وەك زنجیرە دەڕۆیشتینە ناو ئاوەكە، هەتا خۆدیبارزانیی نەمر یەكێك لە باشترین مەلەوان زان بوو كە لە ڕۆخ ئاوەكە وەستابوو و سەرپەرشتی پەڕینەوە ئێمەی دەكرد كە ئەگەر یەكێك لە ئێمە توانای پەڕینەوەی نەبێت، یان ئاو بیبات بە خۆی هاوكاری دەكرد، باش لە یادمە كە ئاوەكە هەڤاڵێك سەدیق بەخشی بردە كەناوی ئاوی، كە 3 رۆژ بوو هیچی نەخواردە بوو و بارزانیی نەمر خۆی خستە ناو ئاوەكە پێی گوت: خۆت هیچ تێك مەدە و دەستت لەسەر شانم دانێ، بە ماوەیەكی كەم ئەو هەڤاڵەی دەرباز كرد. بارزانیی نەمر ئاخرین كەس لەگەڵ چەندین هەڤاڵ پەڕینەوە بۆ خاكی سۆڤیەت. بەر لە پەڕینەوەش بارزانیی نەمر هەموو ئەو كەسانەی وەك شارەزا و رێنماییان لەگەڵماندا هاتبوون خەڵات كرد و بەڕێزەوە ناردنیانەوە، تەنها مام میرزا نەبێ كە روو لە بارزانیی نەمر كرد و گووتی: (خاكی كوردستان بە بێ تو لە من حەرام بێ)، ئەویش لەگەڵمان پەڕییەوە بۆ ناو روسیا. ئەو روبارە پانیەكەی زیاتر لە 200 مەتر بوو، ئەو رۆژە ئارام و مەند بوو، بنی ئاوەكەش تەنیاقووم بوو و هیچ بەردێكی تێدانەبوو، دوای ئەو رێگای سەخت و نەمان و دوای ئەو هەموو ناخۆشی و كەمینەی دوژمنان و هاتنمان بە پای پێادە و برسیەتی كە لە 18/6/1947 لە رووباری ئاراس پەڕینەوە. دواتر ئێمەیان بردە بیابانێكی چۆل و داوامان لە رووسیەكان كرد كە خواردنمان پێبدەن، ئەوان دەیانگوت: نابێ ئێوە نان بخۆن تاكو دكتۆرەكان دین، كە دكتۆرەكانیش هاتن گوتیان نابێ هیچ كەس لە 100 گرام زیاتر نان بخوات، ئەگینا تووشی ئازار دەبن، وابوو چونكە 3 شەو و رۆژ بوو هیچمان نەخواردبوو.
دواتر چیتان بەسەرهات؟
دوای ئێمەیان بردە (نەخچەوان) كە نزیكی 40 رۆژ ماینەوە دواتر ئێمەیان دابەش كراین بەسەر گوندەكان و هەرچەند كەسێك پێكهەوە دابەش كراینو ماوەی 3مانگ ژیانی ناخۆشمان بردەسەر، چونكە گرفتمان زمان بوو كە نەماندەزانی و شارەزای جوگرافیای ئەو وڵاتەش نەبووین. هەتا ئەو كات وەزعی ئابووری روسیا زۆ خراپ بوو. لەوێ ئیشی ناوباغمان دەكرد، تا بە هەر جۆرێك كە لە برسان نەمرین. زۆر سەخت بوو ناتوانم هەمووتان بۆ باس بكەم، كە دوای بارزانیی نەمر داوای لە حكومەتی روسیا كرد كە دەبێ هەموو هەڤاڵانم كۆبكاتەوە، ئەوە بوو ئێمەیان بردە دەریای زەرد، تاكو ساڵی 1948 بارزانیی نەمر و ئێمە هەڤاڵانی بۆشاری تاشقەندی سەربە ئوزبەكستان گواستەوە، بۆماوەی 3 مانگ لەوێ ماینەوە، دوایی جارێكی تر بارزانیی نەمریان لە ئێمە جیاكردەوەو هەرچەند كەسێك بە سەر گوندەكانی دوور و ماوەی 3 ساڵ پڕ لە نەخۆشی و سەختی و ئەزیەتمان بینی، ئێمە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكانم لە گوندی (ئاخچەم) بووین و هەتا ئاگامان لە بارزانیی نەمر نەبوو كە چی بەسەر هاتوو.
لە درێژە ئاخەوتنەكانیدا مام (مەلابرایم هەسنكی) گوتی:
لەو 3 ساڵ دووری لە بارزانیی نەمر زۆر بێزار بووین، دواتر ئێمە هەمووهەڤاڵان داوامان لە ئوزبەكستان كرد كە دەبێ رابەرمان بۆ بێننەوە، بە ئەوانیشمان گوت: مییللەتەكەمان مافی خۆراوە وبۆ ئیشكردن نەهاتووینەتە ئێرە، هەتا خۆپیشاندانمان كرد، ئەوە بوو كە داواكەمان قبوڵ كرا و بارزانیی نەمر هاتەوە ناومان دوای 3 سالأ و پێشوازی گەرمان لە رابەرمان بارزانیی نەمر دەكرد و هاورمان دەكرد سەرۆكمان بارزانییە، تا بارزانی هەیە كوردیش هەر دەمێنێ. بەڕاستی رۆژێكی مێژووی بوو كە هەموومان لەگەڵ رابەرمان بارزانیی نەمر یەك هەڵویست بووین ئێنجا دواتر بارزانیی نەمر فەرموی هەریەك لە ئێوە لە شوێنی خۆی بوەستێ، من یەك بە یەك ئەحوالتان دەپرسم و یەك بە یەك توقەی لە گەڵ كردین و بەیەك شاد بووینەوە ولە ئەحواڵی هەموومانی پرسی.
لە كۆتاییدا بۆ یادی 65 ساڵەی پەڕینەوە لە رووباری ئاراس بمام (مەلابرایم هەسنكی) گوتی:
ئەمرۆ كە یادی پەڕینەوە دەكەینەوە تەمەنم 20 ساڵ بوو، كە 18/6/1947 بە رۆژیكی پرشنگدار و مێژووییە بۆ كوردستان كە ئێمە 500 هەڤاڵ لە گەڵ بارزانیی نەمرئەم رێگای ناخوشە وسەختەمان بە برسیەتی و چەمسەری بڕی و دوایی 62 رۆژ بە پای پیادە خۆمان گەیاندە خاكی سۆڤیەت تاكو بارزانیی نەمر دەنگی كوردبگەیەنێتە ئەم وڵاتە. ئێستاش خۆشحاڵم كە من بە چاوی خۆم بینی كە ئەم ئاڵایە لەسەر دام و دەزگای كوردستان دەشەكێتەوە كە پێشەوا قازی محەمەد لە كاتی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە ئەمانەتەوە دایە دەستی بارزانیی نەمر تاكو پارێزگاری بكات لەم ئاڵایە، لەسایەی خەباتی كوردایەتی بارزانیی نەمرو هەڤاڵانی و پێشمەرگەكانی قارەمانی پارتی و خۆینی هەزاران شەهیدانی كوردستان خاوەن پەرلەمان و حكومەت و ئاڵای كوردستانین، هەروەها خاوەن سەرۆكی هەردەم خۆشەویست سەرۆك مسعود بارزانینە. لەم رۆژە هەزاران سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ریبازی كوردایەتی و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەنیریم.
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4097) رۆژنامەی خەبات لە(18/6/2012) بڵاوبوویتەوە.




