٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گەڕانەوە بۆ هەولێر هەموو داوای چارەسەر دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

رەوشی سیاسی لە عێراقدا حاڵەتی تەنگژە و قەیرانی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە لێواری شەڕێکی ئەهلی ناوخۆیی.

گوتاری پڕ کینە و خوتبەی وروژێنەری تایفی تین وتاوی هەڵچوون بە ململانێ و ناکۆکییە سیاسیەکان دەدات و پاساو و رەوایەتی تایفی بە شەڕێکی چاوەڕوانکراو دەبەخشێ.
هیچ بەربەستێکی سیاسی و ئەخلاقیی رێ لەوە  ناگرێ ئەو شەڕە فراوانترین پانتایی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە و هەموو مومارەسەیەکیش تێیدا حەرام نەبێ. بۆیە کەس نازانێ ئەگەر ئەو شەڕە روویدا چی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام دەزانرێ کە رووبارێک لە خوێنی خەڵکی عێراق دەڕژێ و توانایەکی زۆری مرۆیی و ئابووری بەهەدەر دەچێ و دەرگاکانی ئایندە لە سەر هەموو ئەگەرە نەگریسەکان و دەستێوەردانی راستەوخۆی هەرێمایەتی و تەسفیەکردنی حیساباتی ناکۆکییەکانی ناوچەکە لەسەر ئەرزی عێراق و لەسەر حیسابی ژیان و کەرامەتی عێراقییەکان دەکرێتەوە و بەو زووانەش داناخرێتەوە.

لەسەرینی درک کردنە بەم مەترسییە گەورەیە کە هەموو لایانەکان بە رادە و ئاستی جیاجیا عەوداڵی چارەسەرن.

مەرجەعی باڵای شیعە دەزانێ بارودۆخی عێراق رووە و چی بە خێرایی دەڕوا، بۆیە فشاری خستۆتە سەر (نوری مالیکی) کە بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە. بەشێوەیەکی تایبەتیش ئەوەی لێ دووپات دەکاتەوە کە نابێ دەستبەرداری هاوپەیمانێتی شیعە بێ لەگەڵ کورددا. بۆیە دوو بژاردەی خستۆتە بەردەم ، چاکسازی سیاسی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییە رەوا و دەستوورییەکانی خۆپیشاندەران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و چاککردنەوەی نێوانی لەگەڵ کورددا، یان دەستلەکارکێشانەوە و کاندیدکردنی سەرکردەیەکی دیکەی فراکسیۆنەکەی یان لە هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ جێگرتنەوەی.

سوننەکانیش سەرەڕای خۆپیشاندان و بزاوتی سیاسی پارێزگا و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق و خۆسازدان بۆ ئەوەی ئەم بزاوتە بە شێوەی ئاپۆرایەکی جەماوەریی بگوازنەوە بۆ ناو بەغدا، بەڵام هاوکات مەترسییەکانی تێکەڵاوبوونی کارتەکانی داخوازی رەوای خەڵک لەگەڵ کارتەکانی رێکخراوی توندڕۆی ئەلقاعیدە و مەرامە نەگریسەکانی پاشماوەی بەعسییەکان وای لێ کردوون کە بە حەزەرێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکە و هەڵکشانی بزاوتە سیاسیەکەدا بکەن.

سەرکردە سیاسییەکانی ناو سوننە ئەگەرچی ئێستا جڵەوی ئەو بزاوتەیان داوەتە دەست مەلا و پیاوە ئایینییەکان بەڵام پێیان وایە لە کاتی پێویستدا دەتوانن ئەو جڵەوەیان لێ وەرگرنەوە.
لە قەتەریشەوە (شێخ ئەحمەد الکبیسی) کە بە مەرجەعێکی سوننی گەورە ناسراوە، هەموو مەترسییەکان دەبینێ بۆیە بانگەوازی بۆ حکومەتی عێراق و پەرلەمان و دەمڕاستانی گەل و سەرۆک عەشرەتەکان کرد کە ئیحتیکام بە (ئایەتوڵڵا سیستانی)ـیەوە بکەن و کۆبوونەوەیەکی فراوان ببەستن بۆ داڕشتنی نەخشەرێیەک لەپێناوی رزگارکردنی عێراقدا.
حزبە کوردستانییەکانیش لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا داوایان کردووە کە دەریچەیەک بۆ دەرچوون لەم قەیرانە توندە بدۆزرێتەوە کە بنەماکەی دەستووری عێراق و پابەندبوون بێ بە سازان و شەراکەتی راستەقینە لە عێراقی دیموکراسی فیدراڵدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەمریکایش لەم دیمەنە سیاسییە و لەم بزاوتە بۆ چارەسەر دوور نین، بەڵکو بە جدیش لەسەر خەتن و هەوڵی هەمەلایەنە دەدەن.
کۆبوونەوەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر هەمان ئاراستە.

ئەمریکییەکان وەکوو زوربەی لایەنەکانی ململانێ و وڵاتانی ناوچەکە، گەڕایەوە هەمان ئەو چوارگۆشەیە کە هەولێر دەتوانێ ببێتە خاڵی بەیەکترگەیشتن و کۆبوونەوە و دۆزینەوەی رێگەچارە.

لە دیداری نێوانیاندا، باڵیۆزی ئەمریکا بە سەرۆک بارزانی راگەیاندووە کە: (وەکوو سەرکردەیەکی دیار و متمانەپێکراو و کاریگەر، بارزانی دەتوانێ لە رێی دەستپێشخەرییەکەوە کە پشت ئەستوور بێ بە دەستوور و رێککەوتنەکانی پێشووتر، هەموو لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و بەرنامەیەک دابنێن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق کە رەزامەندی هەمووانی لەسەربێ و میکانیزمی تۆکمەیش بڕیاربدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە).

کۆی بزاوتی سیاسی لە عێراقدا لەنێوانی توندبوونەوەی قەیرانەکان و تێکەڵاوبوونی کارتەکان لەلایەک و هەوڵ و کۆششی فرە لایەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دەرچوون لەو بنبەستە مەترسیدارەی پێی گەیشتووە، لە هەڵکشان و داکشاندایە.

ئەگەرچی بۆ دەربازبوون لە ئەگەری شەڕێکی ناوخۆی تایفی نەخوازراو، ئەرکی راستەقینە لە ئەستۆی ئەو لایەنانەدایە، بەڵام هەموویان چاویان بڕیوەتەوە هەولێر وەکوو چەقی کۆکردنەوەی هەوڵە چارەسەرخوازەکان. هەولێریش زەمانەت و دڵنیایی گەرەکە کە بۆ هەر چارەسەرێک دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی گشت کێشە هەڵپەسێنراوەکان و پابەندبوون بە پرینسیپی سازان و شەراکەت و دوورکەوتنەوە لە هەر مەیلێکی تاکڕەوی و قۆرخکردنی دەسەڵات، مەرجەع و بنەما بێ. هەروەها پابەند بوونی هەموو لایەک بەو رێککەوتنەوە کە لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ و پاشگەزنەبوونەوە لێی، زەمانەتی نیشتمانی بێ کە هەنگاونان بۆ چوونە دەرەوە لەم تونێلە تاریک و مەترسیدارە بەردەوام دەبێ و لە دوارۆژدا هیچ قەیرانێکی دیکە ناخولقێنرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار