"لە كۆی ١٥گوندی كاكەیینشین، ١٠گوند لە داقووق چۆڵ كراون"

داقووق-KDP.info- سەرۆكی رێكخراوی میسرا بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیریی یارسان رایگەیاند، بە ھۆی مەترسیی بەردەوام بۆ سەر گوندەكانی كاكەییەكان لە سنووری پارێزگای كەركووك، لە قەزای داقووق لە كۆی ١٥گوندی كاكەیینشین، ١٠گوندیان چۆڵ كراون و ئەوانەی دیكەش مەترسییان لەسەرە.
رەجەب كاكەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە سنووری قەزای داقووق، بە ھۆی مەترسیی بەردەوامی سەر كاكەییەكان، لە كۆی ١٥گوند، ١٠گوندیان چۆڵ كراون، چونكە بەردەوام لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەكرێنە ئامانج، دانیشتووانی ئەو گوندانەش، تاوەكو ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو، ھیچ كێشەیەكیان نەبوو، بەڵام دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەردەوام ھەڕەشەیان لێ دەكرێت و دەكرێنە ئامانج .
كاكەیی گوتیشی، ئێستاش ئەو گوندانەی كاكەیی كە لە سنوورەكە ماون، ئەوانیش بەردەوام لە مەترسیدان بە ھۆی ھێرشە بەردەوامەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر گوندەكان، چونكە جموجۆڵی داعش لەو ناوچانەدا گەلێك زۆرە و ئەمەش وای كردووە خەڵك ھەست بە مەترسی بكات.
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، جگە لە چۆڵكردنی گوندەكان، كاكەییەكان قوربانیی زۆریشیان داوە و لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە تاوەكو ئێستا، ٢٥٤ھاووڵاتیی كاكەیی بوونەتە قوربانی لە عێراق.
ئەمەش لە كاتێكدایە، ماوەیەكە داعش لە سنووری داقووق بە شێوەیەكی بەرچاو جموجۆڵی زیادی كردووە و ناوچەكە بووەتە مۆڵگەی داعش، تەنھا لە چەند رۆژی ڕابردووشدا چەند ھێرشێكیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە و چەندین چەكداری ھێزە ئەمنییەكانی عێراقیان كوشتووە و بریندار كردووە.
بڵند ئیبراھیم




