ئەمساڵ دەستەی وەبەرهێنان ٨٨ پڕۆژەی جۆراوجۆری پەسەند کردووە
__2021_02_14_h16m53s17__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ ٩٣ پڕۆژە لە بواری جیاجیا پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان کراوە، ٨٨ پڕۆژەیان پەسەند کراوە و ئێستا مامەڵە دەکەن بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەربەست خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمساڵ ٩٣ پڕۆژە پێشکەشی دەستەی وەبەرھێنان کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و لەو ژمارەیە ٨٨ پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە پەسەند کراوە."
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی کە وەبەرھێنەران پێشکەشکەشیان کردوون لە چەندین سێکتەری جیاوازن و پەسەندیش کراون بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە."
سەربەست خدر ڕوونیشی کردەوە: "٢٠ پڕۆژە لە بواری بازرگانی بە سەرمایەی ٢٣٦ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٥٣١ دۆلار و، ١٤ پڕۆژە لە بواری پیشەسازی بە سەرمایەی ٢٧١ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار و ٤٦٧ دۆلار و، ھەشت پڕۆژەش لە بواری کشتوکاڵ بە سەرمایەی ٧٢ ملیۆن و ٤٢٢ هەزار و ٤٥٠ دۆلار پەسەند کراون.''
سەربەست خدر باسی لەوەش کرد: "ئەو پڕۆژانە بۆ ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆکن و ئێستا پەسەند کراون و لەژێر مامەڵەدان بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




