٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان ژمارەیەكی زۆری نایاسایی تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، چاكسازی لە پلە باڵاكان لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئێستا فۆڕمێكیان ئامادە كردووە و پێویستە پلە باڵاكان پڕی بكەنەوە، كە لەو رێگەیەوە دیار دەبێت كێ یاساییە و كێش نایاساییە، جگە لەوەش مووچەی ھەمووان ھەموار دەكرێتەوە و ھەر یەكەو بە رێژەیەك كەم دەبێتەوە.

سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا، كاركردن لەسەر مووچەی پلە باڵاكان بەردەوامە و ئەوانەی پلەی دادوەر و شارەزان، كارەكانیان تەواو بووە و ئێستا كار لەسەر مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین، كە نزیكەی ٧٥٠كەس دەبن و ئەوانەی دادوەرەكانیش ١١٣كەس بوون و شارەزاش ٥٠٠كەس بوون، كە دادوەرەكان كاتی خۆی ھەمووی بە ٨٠%ی مووچەی خۆیان خانەنشین بوونە و مووچەیان ھەموار كرایەوە و بەپێی یاسای چاكسازی مووچەیان كرایە ٧٠%، هەروەها ئەوانەی شارەزان، بەپێی یاسای مەدەنی مووچەیان ھەموار كرایەوە، ئەوەی ١٥ساڵ خزمەتی زیاتر ھەبێت، ھەر یەكەو بەپێی خزمەت مووچەی پێ دەدرێت، كە لەوانەش نزیكەی ٤%نایاسایی بوون، ئەوانە مووچەیان پێ نادرێت".

موخلیس گوتیشی: "ئێستا كار لەسەر مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین، كە ژمارەیەكی زۆری نایاسایی تێدایە و مووچەی ئەوانەش ھەموار دەكرێتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئێستا فۆڕمێكمان بۆ پلە باڵاكان ئامادە كردووە، كە بۆ وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانە و زانیاریی تەواویان لێ وەردەگرین، كە ھەندێك رەنگە كەموكوڕی لە دۆسیەكانیاندا ھەبێت یان زانیارییان نەبێت، بۆیە ئەوكات دیار دەبێت كێ یاساییە و كێش نایاساییە، كە تەواویش بوو، ئەوكات رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن".

دەشڵێ: "دوای تەواوبوونی پلە باڵاكان، دەست بە كاركردن لەسەر مووچەی پلەكانی دیكە دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار