سبەی پەرلەمانی كوردستان رەوشی خوێندن تاوتوێ دەكات

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی لە ٦ی شوبات دەوامی قوتابخانەكان دەستی پێكردەوە، ژمارەیەك قوتابی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، سبەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، تاوتوێی رەوشی خوێندن دەكات.
گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ژمارەیەك قوتابی لە ھەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، ئەوەش دوای دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن، بەڵام ھێشتا رەوشەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، ھۆكاری سەرەكیش بۆ پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە رێنماییەكانی خۆپارێزی وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، بە تایبەتی بەستنی دەمامك.
ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە دەشڵێت: "سبەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و پێشنیازی خۆمان دەدەینە حكوومەت لەبارەی رەوشی خوێندن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێو قوتابخانەكان".
باقی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین دەوام رابگیرێت لە ئێستادا، بەڵام ئەگەر گەیشتە ئاستێكی مەترسیدار، ئەوە بێگومان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری خۆی دەدات، ئەوكات رێگەی بەدیل دەگرینە بەر كە ئەویش سیستەمی ئەلیكترۆنییە، چونكە ناچارین سوود لە سیستەمی ئەلیكرۆتنی وەربگرین، رۆژی ٢٣ی شوباتیش لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیسان كۆدەبێتەوە و ھەلسەنگاندن بۆ رەوشەكە دەكات".
قائید میرۆ




