کێشەی گرانبوونی بەنزین چارەسەر دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر رایگەیاند، نرخی بەنزین بەو شێوەیە بەرز نەبووەتەوە و زیاتریش بەرز نابێتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بازرگانانی ھاوردەکردنی بەنزین مامەڵەکانیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نوێ دەکەنەوە و ھەندێک رێکاری نوێش ھەیە دەیگرنە بەر، بۆیە کێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین چارەسەر دەبێت.
ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھۆگاری گرانبوونی نرخی بەنزین، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بازرگانانەی بەنزین ھاوردە دەکەن بۆ ھەرێمی کوردستان لە رێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە، مامەڵەکانیان نوێ دەکەنەوە کە ھەندێک گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئێستا مامەڵەکانیان کردووە و ئەو کێشەیەی ھەیە، چارەسەر دەبێت و کێشەکە بەردەوام نابێت، چونکە کاتییە تا مامەڵەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تەواو دەکەن.
کاکەشین باسی لەوەش کرد، جگە لەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ھەندێک رێکاری نوێی دەرکردووە و بازرگانان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەو ڕێکارانەش جێبەجێ دەکەن.
دەشڵێ، گرانبوونی بەنزینیش بەو شێوەیە نییە کە لە میدیا باسی لێوە دەکرێت، کە گوایە نرخەکەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و دەگاتە ٧٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک، بەڵکو ٢٥بۆ ٥٠ دینار زیاتر بەرز نەبووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەشی دا، لە خاڵە سنوورییەکان ھاوردەکردنی بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نییە و ئەوەی ھەیە تەنھا تەواوکردنی ئەو مامەڵەیە، کە لەوەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بازرگانان تەواوی دەکەن و کێشەکە چارەسەر دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




