٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کوردانی فەیلی ناڕازین لە سیستەمی نوێی ھەڵبژاردنەکانی عێراق"

سەرچاوە: KDP.info

لە سەرانسەری عێراق تەنیا یەک نوێنەر بۆ کوردانی فەیلی دیاری کراوە لە پەرلەمانی عێراق و کەسایەتییەکی کوردی فەیلییش دەڵێت، بەپێی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئێمە زەرەرمەندی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقین.

جەواد مەلەکشاھی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کوردانی فەیلی وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق لە زۆر مافی خۆیان بێبەش کراون، ھەتا یەک نوێنەر بۆ ئێمە دیاری کراوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەویش کۆرسییەکی کۆتایە لە پارێزگای کۆت (واست) ئەوەش کەمە بۆ ئێمە، چونکە ژمارەی کوردانی فەیلی لەوە زۆرترە و بۆ پێکھاتەکانی دیکەی عێراق بۆ نموونە پێنج کۆرسی بۆ کریستیانەکان دیاری کراوە، خۆ ئێمە دژی ھیچ پێکھاتەیەک نین، بەڵام وەک بەراورد بۆ ئێمە کورسییەک کەمە."

ئەو کەسایەتییەی کوردی فەیلی گوتی: "بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان تەنیا کوردانی فەیلی لە پارێزگای کۆت دەتوانن دەنگ بەو نوێنەرەی خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق بدەن، واتە کوردانی فەیلی لە بەغدا و کەرکووک و خانەقین و ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق بەسەر لایەنەکانی دیکە دابەش دەبن.''

جەواد مەلەکشاھی جەختی کردەوە: "یاسای ھەڵبژاردنەکان و دابەشکردنی کورسیی کۆتا وای کردووە کوردانی فەیلی ببنە زەرەرمەندی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە زۆرێک لە مافەکانی گەلی ئێمە پێشێل کراوە، ئەوە لە ھەڵبژاردنەکانیش دەنگی ئێمە پەرتەوازە ببێت ئەوە بە زیانێکی گەورەی دەزانین بۆ پێکھاتەی فەیلی لە عێراق."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار