٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیوەیلی بۆ KDP: پێویستە چیتر لەو بڕوایەدا نەبین بەغدا دەمانژیه‌نێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆی ھەرێم و بەغدا بەردەوامە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ئەگەر لەناوخۆدا خۆمان رێك بخەینەوە و یەكھەڵوێست بین، ئەوكات پێگەمان بەھێزتر دەبێت و وڵاتانیش فشاری زیاتر لە عێراق دەكەن كە لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێككەوتن و پشتگیریمان دەكەن.

ھوشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گفتوگۆی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، پێویستە سیاسەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەو شێوەیە بێت كە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكەینەوە و بوونمان لە بەغدا بەھێز بێت و بە لایەنی كەمەوە پێگە و ھەڵوێستی خۆمان بۆ شەقامی عێراقی ڕوون بكەینەوە".

سیوەیلی گوتیشی: "پێویستە لە ھەمان كاتدا چاوەڕێی زۆر لە عێراق نەكەین و پشت بە خۆمان ببەستین و حوكمڕانیی خۆمان باشتر بكەین و ئەو داھاتەی ھەمانە تەنھا بۆ مووچە نا، بەڵكو بۆ پەرەپێدانی ھەرێمی كوردستانیش بەكاری بێننین و داھاتی خۆمان رێك بخەینەوە، بۆیە ئەگەر رێكخستنەوەیەكی جیددی لە شێوازی داھات و كۆكردنەوەی داھات و حوكمڕانیی خۆمان بكەین، لەو بڕوایەدام پێویستمان بە بەغدا نابێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەھێڵین و لەبەغدا بكشێینەوە، بەڵكو پێویستە پەیوەندیی بەردەوام بێت، بەڵام ناكرێت تا سەر چاوەڕێی بەغدا بكەین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەگەر لەناو خۆماندا بەھێز بین و حوكمڕانییەكی باشمان ھەبێت و یەكھەڵوێست بین و داھاتی خۆمان رێك بخەینەوە، ئەو كات پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش و دەوڵەتان فشار لە عێراق دەكەن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، چونكە ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی دنیا بەرژەوەندییان لەوەدایە ھەرێمی كوردستان بەھێز بێت، بۆیە پێویستە چیتر لەو بڕوایەدا نەبین بەغدا دەمانژیێنێت، لەبەر ئەوە ئەگەر بەغدا ئەركی دەستووریی خۆی جێبەجێ نەكرد، پێویستە بە داھاتی خۆمان، خۆمان بژیێنین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار