د. ئازاد نەجاڕ، داهێنەری دڵی دەستکرد بۆ KDP قسە دەکات

ستۆکهۆڵم-KDP.info- داهێنەری دیاری کورد لەسەر ئاستی دنیا، کە داهێنانەکەی دروستکردنی دڵی دەستکردە، دەڵێ، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی ئەزموونی وڵاتانی بیانی بهێننە هەرێمی کوردستان.
د. ئازاد نەجاڕ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت کۆبووینەوە و پشتیوانییان بۆ داهێنانەکانمان دەربڕی".
نەجاڕ، کە داهێنەری دڵی دەستکردە، گوتیشی: "ئێستا زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی باشتر و گشتگیرترە و لەگەڵ ئەوەداین لێکۆڵینەوەکان باشتر بکەین".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئەوەدان ئەو تەجروبەیەی سوید بهێننە هەرێمی کوردستان و، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حکوومەت لەسەر هێڵین".
دەشڵێ : "ئێستا لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمیش لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی ڕێگایەک بدۆزینەوە و ئەم ئەزموونە لە زانکۆکانی هەرێمدا بخوێندرێت".
د. ئازاد نەجاڕ، کە کوردە و خەڵکی زاخۆیە و ئێستاش دانیشتووی سویدە، خاوەن چەندین داهێنانە لە بواری پزیشکیدا، کە گرینگترینیان دروستکردنی دڵی دەستکردە.
کاروان باعەدری




