٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری گشتی پرۆژەکانی رێگاوبان لە کۆمپانیای ھێمن گروپ رایدەگەیەنێت، بڕیارە لەم مانگەدا قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بکرێتەوە، ھاوکات ھۆکاری دواکەوتنی نەکردنەوەی پرۆژەکەش ئاشکرا دەکات.

ئەندازیار ئەمیر عبدالخالق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیار بوو پێش کۆتایی ھاتنی ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠مەتری لە ڕێی بەحرکە تا ڕێی شەقلاوە بکرێتەوە، بەڵام بە ھۆی کەشوھەواوە کە بارانبارین چەند رۆژێک بەردەوام بوو، نەتواندرا کارەکان تەواو بکرێن، ھەروەھا سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێریش ھەندێک وردەکاریی تری بۆ شەقامەکە زیاد کرد، لە ئێستاشدا ئەو بەشەی دەکرێتەوە ھەموو کارەکانی ١٠٠%ی تەواو بووە، تێچووی پڕۆژەکەش زیاتر لە ١٣١ ملیۆن دۆلارە.

بەرێوەبەری گشتی پرۆژەکانی رێگاوبان لە کۆمپانیای ھێمن گروپ ئاشکرایشی کرد: "لەم مانگەدا واتە نزیکی ١٠ رۆژیتر، بەشی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی دەکرێتەوە."

شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە شێوەیەکی ستانداردی جیھانی دروست کراوە، کە درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و شەقامەکە بە شێوەیەکی بازنەییی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تێدا نییە باوەش بە ھەولێردا دەکات، کۆی پڕۆژەکە بەسەر ٥ قۆناغدا دابەش بووە، بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە شەش ئەندەرپاس و ھەشت ئۆڤەر پاس و پردی پەڕینەوە ( بەرزە پرد ، ژێر پرد) ھەروەھا شەقامی لاوەکی لەخۆ دەگرێت.


ھەڵکەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار