دیاری حوسێن: ناكرێ ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت و دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانیەتییەك بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كەركووك نەكراوە و وادەكەی درێژ دەكرێتەوە، چونكە ناكرێ ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت و پارتی لەوێ نەبێت و دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە.
دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوەی لەبارەی پێكهێنانی ھاوپەیمانیەتی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو دەكرێت، تەنھا ھەوڵدانە و ئەگەر ئێمە بە سەربەرزی نەگەڕێینەوە بۆ كەركووك و دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە، رەنگە ھاوپەیمانیەتیش نەكەین لە كەركووك، چونكە پارتی قبوڵ ناكات كەركووك داگیركراو بێت و میلیشیا حوكمی بكات، ھەر كاتێك دۆخەكە ئاسایی بووەوە و گەڕاینەوە كەركووك و ھەڵبژاردن كرا، ئەوكات لە كەركووك گفتوگۆ بۆ ھاوپەیمانیەتی دەكەین نەك لێرە".
حوسێن گوتیشی، ھێشتا كات ماوە بۆ ھاوپەیمانیەتی، چونكە ھەڵبژاردن لە مانگی شەش ناكرێت و دەچێتە مانگی ١٠، لەبەر ئەوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ مانگی چوار درێژ كرایەوە، كە درێژتریش دەكرێتەوە، بۆیە تا مانگی ١٠ كات ماوە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و ھاوپەیمانیەتی بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




