لیوا عەبدولخالق: گفتوگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، ھەماھەنگی و گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ھەر ئۆپەراسیۆنێكیش لە ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام بدرێت، بە ھەماھەنگیی ھەردوو ھێز دەبێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و جەخت لە ھەماھەنگیی نێوانیان دەكرێتەوە، ناشكرێت گوێ بە قسەی ناڕاست بدرێت، كە زۆر جار دەكرێت و ئەوەی كاری بۆ دەكرێت، ئەنجامدانی كاری ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە دژی تیرۆریستانی داعش.
تەڵعەت گوتیشی، ھێزەكانی عێراقی بۆیان ڕوون بووەتەوە ئەگەر بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە نەبێت، ناتوانن ناوچەكانی مەخموور و گوێڕ و شوێنەكانی دیكە بە تەنھا بپارێزن و پێویستە بە ھاوبەشی بێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە.
دەشڵێ، ھێزی عێراقی تا ئێستا ھیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربەخۆی دژی داعش ئەنجام نەداوە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە و ئەگەر ئەنجامیش بدرێت، بە ھاوبەشی دەبێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە.
بڵند ئیبراھیم




